برێت مەکگۆرک: هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بەدەست نایەت

 

برێت مەکگۆرک، کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا پۆستی باڵای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەبووە، هۆشداری دا کە دوایین هەڕەشەکانی سەرۆک دژی ئێران نابنە هۆی ئەوەی ئێران بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ.

مەکگۆرک کە پێشتر لە پۆستەکانی ئاسایشی نەتەوەییدا لە سەردەمی سەرۆکەکانی پێشوو (بایدن، ئۆباما و بوش) خزمەتی کردووە، بە جەیک تاپەری پەیامنێری CNNی ڕاگەیاند: “ئەمریکا بەم جوڵانەی دەیکات کە بریتین لە هەڕەشە و فشار، دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام هەموو جولەکان هیچ ڕێککەوتنێکی لێ شین نابێت”. ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆک “تەنها خەریکی گۆڕینی ئامانجەکانە و ئێرانیش نازانێت ئامانجی ڕاستەقینەی ترەمپ چییە”.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بەکاتی ئەمریکا، ترەمپ لە پۆستێکی پڕ لە جنێودا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیەڵ هەڕەشەی کرد کە ژێرخانە مەدەنییەکانی ئێران دەکاتە ئامانج، ئەمەش پێش کۆتایی هاتنی ئەو وادەیەی کە ڕۆژی دووشەممەی بۆ دیاری کردبوون بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.

ترەمپ لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی: “ڕۆژی سێشەممە لە ئێران دەبێتە ڕۆژی وێستگەکانی کارەبا و ڕۆژی پردەکان، کە هەردووکیان پێکەوە دەبن. شتی وا هەرگیز نەبووە، ئەو گەرووە نەفرەتییە بکەنەوە، ئەی شێتانە، ئەگەرنا لە ناو دۆزەخدا دەژین – تەنها تەماشا بکەن! سوپاس بۆ خودا. سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ.”

ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە کردەیی داخراوە، بووەتە کێشەیەکی سەرەکی و وایکردووە نرخی نەوت لە جیهاندا بەردەوام بەرز ببێتەوە.

ترەمپ بەیانی ڕۆژی یەکشەممە بە ترای یینگست لە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، ئەو بڕوای وایە ئەمریکا دەتوانێت تا ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتنێک بۆ کردنەوەی ئەو ڕێڕەوە دەریاییە گرنگە واژۆ بکات. ترەمپ گوتوشیەتی، تاران و واشنتۆن ڕۆژی یەکشەممە خەریکی گفتوگۆ بوون.

مەکگۆرک کە ڕەخنەی لە ترەمپ و ململانێکان هەبووە، وتی کە ئەم دانوستانانە بەهۆی سروشتە نهێنییەکەیانەوە قورسن.

مەکگۆرک بە تاپەری ڕاگەیاند: “مەبەستم ئەوەیە، لەڕووی دیپلۆماسیەوە لەگەڵ ئێراندا، زۆربەی بە ڕێڕەوی نهێنی و پشتپەردە دەبێت، پێم وایە ئەنجامێکی زۆر خراپ دەبێت ئەگەر ئەم بابەتە بەوە کۆتایی بێت کە ئێران کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی لەدەستدا بمێنێت”.

Back to top button