
لەڕێگەی سێ درۆنی خۆکوژەوە هێرشکرایەسەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، دەنگی تەقینەوەکان بەهێزبوون و لەشاری هەولێر بیستراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار تایبەت بە کورد مۆنیتەر-ی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە لە نێوان کاتژمێر 3:30ی پاشنیوەڕۆ بۆ 4:00 پاشنیوەڕۆ، لەڕێگەی سێ درۆنی خۆکوژییەوە هێرشکراوەتەسەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە شاری هەولێر، وەك ئەو سەرچاوەیە گوتی: دەنگی تەقینەوەی درۆنەکان هێندە بەهێزبوون بەشێک لە هاووڵاتیان هەستیان پێکردووە.
سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر لەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشە گوتی: تا ئێستا نەزانراوە زیانەکان چی بوون، هاوکات هێزە ئەمنیەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەشوێنی ئاڕاستەکردنی درۆنەکان.
میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران کە لەژێر ناوی بەرەی مقاوەمە ڕۆژانە هێرش دەکەنەسەر هەرێمی کوردستان، تەنانەت دەست لە کردنە ئامانجی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی عێراقیش ناپارێزن، لەکاتێکدا بەشێکی مووچە و سەرچاوە داراییەکەیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت.
هەرچەندە ئەمریکا ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگای میلیشیا عێراقییەکان، بەڵام بەراورد بە جموجوڵ و چالاکیی ئەو گروپانە، گورزەکانی ئەمریکا کاریگەریی نەبووە لەسەریان، چونکە بەردەوامن لە چالاکیەکانیان دژی دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ڕۆژی 28ی مانگی ئادار هێرشی درۆنیی کرایەسەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، ئەو هێرشە کاردانەوەیەکی فروانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، هەرچەندە حکومەتی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکە دا، بەڵام تا ئێستا نەزانراوە لیژنەکە کێن و ئەنجامەکانی چی بووە، هاوکات لەسەر ئاستی سەرکردەی وڵاتان ئەمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامی هاوسۆزییان بۆ نێچیرڤان بارزانی نارد، بەشێک لەشارەزایانیش بە ئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، وەك بە ئامانجگرتنی سەروەریی هەرێمی کوردستان تەماشا دەکەن، بەوپێیە ناوبراو لەپۆستێکی باڵای هەرێمی کوردستاندایە.





