
عەلی ڕەزا ڕەحیمی، یاریدەدەری وەزیری لاوان و وەرزش لە ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، داوای لە هاووڵاتییان و بەتایبەت گەنجان کرد بەشداری لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا بکەن، لە بەردەم وێستگەکانی وزە لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەیاندا.
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا عەلی ڕەزا ڕایگەیاند، ئەم بانگەوازە گەنجان، وەرزشوانان، هونەرمەندان، خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ دەگرێتەوە، جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی ئامادەبوون لە ڕۆژی سێشەممە کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ لە نزیک وێستگەکانی وزە.
ڕەحیمی ڕوونیکردەوە کە ئامانجی ئەم کۆبوونەوانە گەیاندنی پەیامێکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە بە ئامانجگرتنی ژێرخانە مەدەنییەکان بە “تاوانی جەنگ” دادەنرێت، هەروەها جەختی لە گرنگی پشتیوانیی جەماوەری کردەوە بێ گوێدانە ئاراستە سیاسییەکان.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تا ئێوارەی سبەی سێشەممەی بۆ ئێران دیاری کردووە بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، وەك ترەمپ گوتی ئەگەر هورمز نەکرێتەوە ئەوا هەموو وێستگەکانی وزە لە ئێران دەکرێتە ئامانج.
ترەمپ دووپاتی کردەوە کە ئەو مۆڵەتەی واشنتۆن دیاری کردووە و بڕیارە ئێوارەی سێشەممە کۆتایی بێت، هێشتا بەردەوامە و بڕیاردان لەسەر بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان یان گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەندە بە وەڵامی کۆتایی تارانەوە.
هەروەها هەڵوێستی وڵاتەکەشی دووپاتکردەوە کە دژی هەوڵی ئێرانە بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و ڕایگەیاند کە ئەم بابەتە “بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە”، ئەمەش لە کاتێکدایە کە فشارە سیاسی و سەربازییەکان بەردەوامن.
پێشتر ترەمپ وەڵامەکەی ئێران کە لە 10 خاڵ پێکهاتبوو سەبارەت بە ڕاگرتنی جەنگ، بە “هەنگاوێکی گرنگ” وەسف کردبوو، بەڵام جەختی کردەوە کە “بەس نییە”.
ترەمپ لە کاتی قسەکردنی بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی گوتی، پێشنیازەکەی ئێران “پێشکەوتنێکی بەرچاوە” و زیادی کرد: “ئەمە پێشنیازێکی زۆر گرنگە، بەڵام هێشتا بەس نییە”، ئاماژەی بەوەش کرد کە دانوستانەکان هێشتا بەردەوامن، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.





