
ئێران مەرجەکانی ئەمریکا ڕەت دەکاتەوە و نێوەندگیرییەکانی پاکستان و وڵاتانی ناوچەکەش لە لێواری شکستدان؛ ترەمپ تەنیا چەند کاتژمێرێکی مابوو بۆ وەشاندنی گورزی وێرانکەر بۆ سەر تەواوی ژێرخانی ئێران، بازنەی ململانێکە گەیشتە خاڵی تەقینەوە؛ هەوڵەکانی (پاکستان، میسر و تورکیا) بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی 45 ڕۆژی تاوەکو ئێستا بێ ئەنجام بووە، چونکە تاران ئامادە نییە لەژێر “هەڕەشەدا” بچێتە سەر مێزی دانوستان.
ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران، کە ئێستا وەک بڕیاردەری یەکەمی تاران دەردەکەوێت، پێیوایە وڵاتەکەی لەم جەنگەدا سەرکەوتووە و ئامادەی هیچ تەنازولێک نییە. لە بەرانبەریشدا، دۆناڵد ترەمپ بژاردەی هێرشی زەمینی و داگیرکردنی دوورگەی “خارگ”ـی لەبەردەستە، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە ئارەزووی واشنتنی بۆ جووڵەی زەمینی زیاد کردووە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: داواکارییەکانی ترەمپ ناماقوڵانەن و قبووڵ ناکرێن؛ ئێمە کۆمەڵێک مەرجی تایبەت بە خۆمان هەیە و گوێ بە پێشنیازەکانی ئەو نادەین.
بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ ئەکسیۆس: ئێران لە وەڵامە 10 خاڵییەکەیدا زێدەڕۆیی کردووە؛ هێشتا ڕوون نییە ترەمپ ئەم داواکارییانە قبووڵ دەکات یان نا.
بەرپرسێکی ئەمنیی پاکستان بۆ ABC News: “ئێران بە هیچ شێوەیەک ئاگربەست قبووڵ ناکات ئەگەر گرەنتی و دڵنیایی پێویستی پێ نەدرێت.”
ئێستا 15,000 مووشەکی بالیستی و 45,000 درۆنی بۆمبڕێژکراو لەناو ئێراندا ماوە و هەڕەشەی پێ لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات.
پلانە پێشنیارکراوەکەی پاکستان داوای وەستاندنی جەنگ بۆ 45 ڕۆژ و گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ماوەی 20 ڕۆژدا دەکات.
ئێران مەرجی هەمیشەیی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ داناوە و داوا دەکات هێرش بۆ سەر حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش بوەستێنرێت و ناوچە زیانلێکەوتووەکان ئاوەدان بکرێنەوە.
گەورەترین ململانێ ئێستا لەسەر گەرووی هورمزە؛ تاران دەڵێت تاوەکو جەنگ بەیەکجاری کۆتایی نەیەت گەرووەکە ناکاتەوە، لە کاتێکدا واشنتن ئەمە بە “بارمتەگرتنی ئابووریی جیهان” دەبینێت. ئەگەر لە 48 کاتژمێری داهاتوودا ڕێککەوتن نەکرێت، ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی تەواوەتیی وێستگەکانی کارەبا، ئەتۆم و پردە ستراتیژییەکانی کردووە، کە بونیادنانەوەیان بە وتەی ئەو 25 ساڵی دەوێت.
جەنگی ئێران لە 28-2-2026 بە ئۆپەراسیۆنی “داستانی تووڕەیی” دەستیپێکرد. کوژرانی عەلی خامنەیی و 48 سەرکردەی دیکە، ئێرانی خستە ناو بۆشاییەکی فەرماندەیی، بەڵام سوپای پاسداران هێشتا وەک هێزێکی تووند لە بەرانبەر مەرجەکانی ترەمپدا ماوەتەوە و ئامادەی کردنەوەی گەرووی هورمز نییە.





