وردەکاریی ڕێککەوتنی ئەحمەد شەرع لەگەڵ بەریتانیا و سوننەکانی عێراق بۆ دورخستنەوەی حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننەکان

 

لە دواین سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا بۆ بەریتانیا، تاوتوێی پلانێک بۆ دورخستنەوەی حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق کراوە، کورد مۆنیتەر لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار وردەکاریی بابەتەکە ئاشکرادەکات.

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لە بەغدا تایبەت بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، هەریەکە بەریتانیا، هێزە سوننەکانی عێراق و ئەحمەد شەرع، هاوڕان لەسەر دەرکردنی حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننەنشینەکان، وەک ئەو سەرچاوەیە گوتی: لە ماوەی داهاتوودا شایەتی هەندێک گۆڕانکاری دەبین لە عێراق و سووریا.

وەک ئەو سەرچاوەیە گوتی: پلانێکی سێ قۆڵی لە نێوان بەریتانیا، سووریا و هێزە سوننەکانی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکانی نێوان سووریا و عێراق بە مەبەستی دەرکردنی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە ئامادەکراوە، ئەمەش بە ئامانجی ئامادەکاریی بۆ ئاڵوگۆری وزە لە عێراقەوە بۆ بەندەری بانیاس و لەوێشەوە بۆ جیهان.

لە 31ی ئاداری ئەمساڵ، کۆمپانیای نەوتی سووریا گەیشتنی یەکەمین کاروانی سووتەمەنی عێراقی لە ڕێگەی دەروازەی تەنەفەوە بەرەو وێستگەی بانیاس ڕاگەیاند، کە وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات ناودەبرێت.

وەك سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر باسیکرد، سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننەنشینەکان ئاگاداری پلانی سێقۆڵیی بەریتانیا، ئەحمەد شەرع و سوننەکانی عێراقن، بەڵام بەهۆی هێرشی بەردەوامی ئەمریکا بۆسەر بارەگانیان، ناتوانن هیچ هەڵوێستێکیان هەبێت.

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گرێبەستی بۆ دابینکردنی نزیکەی 650 هەزار تۆن سووتەمەنی مانگانە لە نێوان مانگەکانی نیسان تا حوزەیران واژۆ کردووە، بە مەرجێک ئەو بڕە نەوتە بە وشکانی لە خاکی سووریاوە بگوازرێتەوە.

چوونە ناوەوەی ئەم کاروانە نەوتە لە عێراقەوە بۆ سووریا ئاماژەیە بۆ بوونی پلانێکی فراوان، جگە لەم نیشانەیە چەند نیشانەیەکی دیکەش هەن کە ڕێگە خۆشکەرن بۆ ئەو ڕێککەوتنە؛ بەوپێیەی نێردەی ناتۆ لە بەغدا کشاوەتەوە، هێزە ئەمریکییەکانیش بنکەکانیان چۆڵکردووە و زۆربەی سەربازەکانیان لە ناوچەکانی عێراقەوە بۆ باشووری کوردستان گواستووەتەوە، لەولاشەوە حەشد دەستی کردووە بە بەئامانجگرتنی بنکە و بارەگاکانی سوپای سووریا لە نزیک سنورەکانی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتە.

سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر وردەکاریی زیاتری باسکرد و گوتی: ئەگەر میلیشیا شیعەکان بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی سوریا، ئەوا ئەحمەد شەرع بە هەماهەنگی لەگەڵ محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر، دژی میلیشیاکان دەکەوێتە جوڵە، بەمەش کۆنترۆڵکردنی هێڵی کەرکووک–مووسڵ و بەشێک لە پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەدین بەدی دێت، ئەمەش هەر ئەوەیە کە بەریتانیا، شەرع، حەلبوسی و خەنجەر هەوڵی بۆ دەدەن.

پێشتر غانم ئەلعیفان ئەندامی هاوپەیمانی عەزم- کە هێزێکی سیاسی سوننەیە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند: “چۆڵکردنی ناوچە سوننەنشینەکان لە حەشدی شەعبی، نیشانەیەکی ڕوونە بۆ بوونی پڕۆژەیەک لە دوای جەنگی ئێران، کە بڕیارە لەم ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق جێبەجێ بکرێت”.

 

Back to top button