یەکێک لە نهێنیەکانی پشت وەستانی جەنگی ئێران چی بوو؟

 

وەستانی جەنگی ئەمریکا و ئێران هەر بە تەنها هەوڵە دیبلۆماسیەکان و سووربوونی ئەمریکا لەسەر وێرانکردنی ئێران ڕۆڵی تیایدا نەبوو، بەڵکو پەیوەندی بە فاکتەرێکی دیکەوە هەیە کە کەمتر باسی لێوە دەکرێت، ئەویش نزیکبوونەوەی کۆتاییاتنی مۆڵەتە 60 ڕۆژییەکەیە کە یاسا لە ئەمریکا دەیداتە سەرۆک بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی.

ئەم مۆڵەتە لەگەڵ دەسپێکی ئۆپەراسیۆنەکان لە 28ی شوبات دەستی پێکرد، ئەمەش واتە کۆتایییەکەی دەکەوێتە 28ی نیسان، بەو هۆیەوە فشارێکی سیاسی و یاسایی کەوتووەتە سەر ئیدارەکەی ترەمۆ. چونکە دوای ئەم بەروارە، بەردەوامبوونی هەر کارێکی سەربازیی بەرفراوان مەرجدار دەبێت بە وەرگرتنی ڕەزامەندی لە کۆنگرێس؛ ئەمەش دەرگا بە ڕووی ڕووبەڕوبوونەوەیەکی ناوخۆیی ئاڵۆز لە نێو کۆنگرێس دەکاتەوە.

ئەم چوارچێوەیەی بۆ سەرۆک دیاریدەکرێت پشت بە یاسای “دەسەڵاتەکانی جەنگ” دەبەستێت کە کۆنگرێس لە ساڵی 1973و دوای جەنگی ڤێتنام پەسەندی کرد، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تێوەگلانی ئەمریکا لە ململانێ درێژخایەنەکاندا بەبێ ڕەزامەندی کۆنگرێس.

یاساکە دەڵێت سەرۆک پابەندە بە ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس لە ماوەی 48 کاتژمێردا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکان، پاشان کۆتاییپێهێنانیان لە ماوەی 60 ڕۆژدا، درێژبوونەوەی ئەو وادەیەش پەیوەندیدارە بە دەرچوونی ڕەزامەندی دیکە.

هەروەها یاساکە ڕێگە بە درێژکردنەوەیەکی دیکە دەدات بۆ ماوەی 30 ڕۆژ، بە مەرجێک سەرۆک بە نووسراو ئەوە ڕوون بکاتەوە کە بۆ دەستەبەرکردنی کشانەوەیەکی سەلامەتی هێزەکانی، درێژکردنەوەی ئەو ماوەیە پێویستە. بەڵام دوای ئەم ماوەیە، هەر بەردەوامبوونێک لە ئۆپەراسیۆنەکان دەبێتە جێگەی مشتومڕێکی توندی دەستووریی.

ناکۆکی و فشارەکان تەنها لە لایەن دیموکراتەکانەوە نین، بەڵکو لە ناوخۆی پارتی کۆماریشەوەن، سیناتۆر جۆن کێرتیس ڕایگەیاند، ئەو پشتگیری لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان ناکات لە دوای کۆتاییهاتنی مۆڵەتە 60 ڕۆژییەکە بەبێ ڕێپێدانی کۆنگرێس، بەمەش وانەکانی جەنگی ڤێتنامی هێنایەوە یاد کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار ئەمریکی.

لەلایەکی دیکەوە دۆن بیکۆن-ی ئەندامی کۆنگرێس گوتی، ئەو پاڵپشتی جەنگ دژی ئێران دەکات، بەڵام پێیوایە دەبێت ئێستا کۆنگرێس ڕای خۆی هەبێت لەو بارەیەوە، گوتیشی ئەگەر دوای 60 ڕۆژ ڕەزامەندی بەدەست نەهێنرا، ئەوا دەبێت جەنگەکە بوەستێت”،ئەمەش بەپێی ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ.

هەروەها ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئیدارەی ئەمریکا داوای لێ کراوە لە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی 60 ڕۆژییەکە بە شێوەیەکی جیاواز بیر بکاتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پێویستی گەڕانەوە بۆ لای کۆنگرێس.

ترامپ خۆی لە وشەی جەنگ بەدوور دەگرێت

ئەم فشارە یاسایییە تەنانەت لە وتارەکانی خودی ترامپیشدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو دانی بەوەدا نا کە خۆی لە بەکارهێنانی وشەی “جەنگ” بەدوور دەگرێت کاتێک باس لە ئێران دەکات، پێی باشترە ئەوەی ڕوو دەدات وەک “ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی” وەسف بکات، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ خۆدزینەوە لەو پابەندییە یاسایییانەی کە بە ڕاگەیاندنی جەنگ دەکەونە ئەستۆی.

ئیدارەکەی ترەمپ یاخود ئەو بەرپرسانەی لەم دۆخەدا زۆر نزیکن لێی پێیان وایە یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ نادەستوورییە؛ چونکە دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەک فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان سنووردار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، واقیعی سیاسی وا دەکات پشتگوێخستنی کارێکی سەخت بێت، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادە یەکلاکەرەوەکە.

Back to top button