
دوای حەوت ساڵ بۆ یەکەمجار نەوتی ئێران دەگاتە هیندستان، ئەوەش پێشهاتێکی نوێیە لەدوای چەند کاتژمێرێک لە وەستانی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ چوارشەممە پاڵپشت بە زانیارییەکانی گواستنەوەی دەریایی ڕایگەیاند، کە بارێکی نەوتی ئێرانی لەم هەفتەیەدا دەگاتە هیندستان، ئەوەش یەکەمین هەنگاوی ناردنی نەوتی ئێرانە بە فەرمی بۆ هیندستان لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا.
پێشتر وەزارەتی نەوتی هیندستان ڕایگەیاندبوو، کە پاڵاوگەکانی وڵاتەکەی نەوتی ئێرانییان کڕیوە لەگەرمەی ئەو شەڕەی لەنێوان ئێران و ئەمریکا هەڵگیراسا، کە بوونە هۆی پەککەوتنی دابینکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
هیندستان کە سێیەم گەورەترین هاوردەکار و بەکارهێنەری نەوتە لە جیهاندا، لە دوای مانگی ئایاری 2019ـەوە هیچ بارە نەوتێکی لە تارانەوە پێنەگەیشتووە، ئەمەش دوای ئەو فشارانەی ئەمریکا خستیە سەر وڵاتان بۆ نەکڕینی نەوتی خاوی ئێران، بەڵام پەککەوتنی دابینکردنی نەوت بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، کاریگەرییەکی توندی کردووەتە سەر ئەو دەوڵەتەی باشووری ئاسیا.
وەزارەتی نەوتی هیندستان لە پۆستێکدا لە سەکۆی ئێکس ڕایگەیاند: “پاڵاوگەکانی هیندستان پێویستییەکانی خۆیان لە نەوتی خاو دابین کردووە، لەوانەش کڕینی نەوت لە ئێران، ئێستا هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم پارەدان بۆ هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئێراندا نییە”.
مانگی ڕابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی ئەو سزایانەی کە بەسەر نەوتی ئێراندا سەپاندبووی هەڵگرت، ئەمەش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
وەزارەتی نەوتی هیندستان دەشڵێت، تەواوی پێویستییەکانی نەوتی خاوی بۆ مانگەکانی داهاتوو دابین کردووە و ڕایگەیاند: “نەوتی خاو لە زیاتر لە 40 وڵاتەوە هاوردە دەکرێت، کۆمپانیاکانیش نەرمیی تەواویان نواندووە بۆ گواستنەوەی نەوتەکە”.
هەروەها هیندستان 44 هەزار تۆن گازی شلی ئێرانی کڕیوە کە لە ڕێگەی کەشتییەکی سزادراوەوە بارکراوە، وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە کەشتییەکە، ڕۆژی چوارشەممە لە بەندەری مانگالۆر لە ڕۆژئاوای وڵاتەکەی لەنگەری گرتووە، ئێستا سەرقاڵی بەتاڵکردنی گازە شلەکەن.





