ئێران لەپێناو ئاگربەست دا پشت لە حزبوڵڵای لوبنانی دەکات؟

 

وا دەردەکەوێت ئاگربەستی جەنگی ئێران بۆ هەمووان جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام هێشتا بۆ ئێرانیەکان مایەی توورەیی و تاڕادەیەکیش تاقیکردنەوەیەکی قورسە، چونکە هێشتا بەرەی لوبنان لەو جەنگەدا لەژێر ڕەحمی مووشەکدایە و دووکەڵی لێ هەڵدەستێت، ئێران-یش لەبەردەم دوو بژاردەداتە: یان دەستبەرداربوون لە لوبنان و بەردەوامیدان بە ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا، یاخود بەردەوامیدان بە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل و هەڵوەشاندەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا.

بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن، یەکێک لە مەرجەکانیان بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا ئەوە بوو، لوبنان بەشێک بێت لەئاگربەستەکە، بەڵام وادیارە قسەی ئێرانیەکان، لەگەڵ قسەی ئەمریکییەکان هاوتا نییە، چونکە پێگەی ئەکسیۆس دەڵێت: ئاگربەست لەگەڵ ئێران لە دۆخێكی تەموموژایی و دژبەیەكدایە، لە كاتێكدا ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران لەسەر بەركاریی ئاگربەستەکە هاوڕان، بەڵام ناکۆکن سەبارەت بە مەرجە راستەقینەکانی رێککەوتنەکەو ئەو رێوشوێنانەی کە لە ئێستادا دەگیرێنەبەر.

چاوەڕیدەکرێت ئەم ناکۆکییانە دەبێت لەسەر مێزی دانوستان چارەسەر بکرێن، کە لە ڕۆژی هەینی لە ئیسلام ئاباد دەست پێدەکات، هەمووشیان هاوڕان لەسەر ئەوەی هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئەم شەڕە بە كرداری کۆتاییبێت.

لەبارەی پێشهاتەكانی لوبنایش كە هەڕەشە لە ئاگربەستەكە دەكات، ماڵپەرە ئەمریكیەكە لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویكردووەتەوە: بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، پێش راگەیاندنی ئاگربەست لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ پرسی لوبنانی وروژاند.

بەوتەی سەرچاوەكە، ترەمپ و نەتەنیاهۆ لەو پەیوەندییەدا رێککەوتون لەسەر ئەوەی دەکرێت شەڕ لە لوبنان بەردەوام بێت و کۆشکی سپیش نیگەران نییە لەوەی دۆخی لوبنان ببێتە هۆی داڕمانی ئاگربەست لەگەڵ ئێران. کەمێک پێش ئێستاش نەتەنیاهۆ بە فەرمی ئەوەی ڕاگەیاند کە “ئاگربەستەکە لوبنان ناگرێتەوە”.

مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، هێرش بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنانی، هێرشە بۆ سەر ئێران، بەڵام وادیارە ئیسرائیل گوێ بەو قسانە نادات، چونکە هەر ئەمڕۆ گەورەترین هێرشی بۆسەر لوبنان ئەنجامدا، وەك میدیای ئیسرائیلی دەڵێت، لەماوەی 10 خولەکدا زیاتر لە 100 پێگە کراونەتە ئامانج.

هەر ئەمڕۆ ئێران بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە: ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان رانەگرێت، بەشداری لە دانوستاندنەکانی پاکستان ناکات، ئەوەش بەگوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکی.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا (2024 تا 2026) ئێران کەوتووەتە ژێر کاریگەریی گۆڕانکاریی جەوهەری و فشارە سەربازی و ئابوورییە توندەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە، کە چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن تاران لە چەند وێستگەیەکدا جۆرێک لە “دوورکەوتنەوە” یان “پشت تێکردنی” بەرامبەر بەرەی مقاوەمە نیشانداوە.

لە دوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2023 و جەنگەکانی دواتر، زۆرێک لە سەرکردەکانی حەماس و حزبوڵڵا چاوەڕێی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و بەرفراوانی ئێرانیان دەکرد. بەڵام ئێران زیاتر وەک پاڵپشتێکی لۆجستی و سیاسی مایەوە. کاتێک سەرکردە پلە یەکەکان (وەک ئیسماعیل هەنییە و حەسەن نەسروڵا) کرانە ئامانج، وەڵامەکانی ئێران زیاتر لە چوارچێوەی ئیدانەکردندا مانەوە.

 

 

 

 

Back to top button