
ئەم هەفتەیە هاوکات لەگەڵ جەنگی ئێران دا، سۆشیەڵمیدیا وەک کاریگەرترین رێگە بۆ گەیشتنی هەواڵ و زانیاریی بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک هەواڵی ساختەیان تێدا بوو، کورد مۆنیتەر بۆ ئەم هەفتەیە دیارترینیان باس دەکات؛
سەرەتای هەفتە هەواڵێکی ساختە بڵاوکرایەوە کە “گوایە هێزە پیادەکانی ئێران چەند کیلۆمەترێک هاتوونەتە ناو خاکی هەرێم لە ناوچەی پشدەر و باڵەکایەتی، بەمەبەستی ڕوبەڕووبونەوەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” بەڵام کورد مۆنیتەر لە بەدواداچوونەکانیدا بۆی دەرکەوت ئێران هیچ لەشکركێشییەکی نەکردووە و هەواڵەکە سەرلەبەری ناڕاستە.
لەبەشێک لە سۆشیەڵمیدیا وابڵاوکرایەوە “دەنگۆی ئەوە هەیە حکومەتی عێراق بوودجەی تەرخانکراو بە مووچەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، تا تەرخانی بکات بۆ کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی”.
بەڵام لە بەدواداچوونەکانماندا دەرکەوت ئەو بابەتە ساختە هەواڵە و وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم ڕایانگەیاندووە، کە پڕۆسەی ناردنی پارەی مووچە پەیوەندی بە بودجەی جەنگەوە نییە و بەردەوام دەبێت.
هەواڵێکی دیکەی هەفتە باسی لەوەدەکرد، لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە ئۆتۆمبێلێک بۆ قوتابخانەیەکی منداڵانی بێسەرپەرشت لە “خانکێ”ی سەر بە پارێزگای دهۆک دابینکراوە، بەڵام هەواڵەکە دوورە لە ڕاستییەوە؛ چونکە دەرکەوتووە دیارییەکە ماتۆڕێکی کارەبایی بووە لە جۆری “سایبەرکواد” نەک ئۆتۆمبێلی تێسلا.
سەبارەت بە ئۆتۆمبێلە تێسلاکەش، ئەوە هی هاووڵاتییەکی دهۆکە بەناوی محەمەد و پەیوەندی بە ئیلۆن مەسکەوە نییە، وەک دیاریش نەدراوە بە قوتابخانەکە.
لە عێراق، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەکیان دەستاو دەست پێکرد کە تێیدا “جێفری ئێپستین”ی بازرگانی کۆچکردووی ئەمریکی لەگەڵ “میلانیا”ی هاوسەری دۆناڵد ترامپ دەردەکەوێت، لەگەڵ نووسینی ئەم تێکستە: “ماکرۆن وێنەی هاوسەری ترامپ لەگەڵ خۆشەویستەکەی بڵاودەکاتەوە”.
بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە؛ وێنە بڵاوکراوەکە دەستکاریکراوە (فۆتۆشۆپە) و سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بڵاوی نەکردووەتەوە، چونکە هیچ شوێنەوارێکی ئەو وێنەیە لە هەژمارە فەرمییەکانیدا نەدۆزراوەتەوە. جگە لەوەش، گەڕان بۆ وێنەکە دەریخستووە کە وێنە ڕەسەنەکە لە لایەن ماڵپەڕە جیهانییەکانی تایبەت بە کەیسی جێفری ئێپستین بڵاوکراوەتەوە؛ ئاماژە بەوە کراوە کە وێنەکە لە ناو ئەو بەڵگەنامە تایبەتانەی کەیسەکەدا بووە کە لە لایەن وەزارەتی دادوەرانی ئەمریکاوە دەرچووە، و تێیدا ئێپستین لەگەڵ کچێکدا دەردەکەوێت کە دەموچاوی بە چوارگۆشەیەکی ڕەش داپۆشراوە، بەڵام لەو وێنەیەی کە لە ناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە، دەموچاوی میلانیا ترامپ خراوەتە سەر دەموچاوی کچەکە، لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی دەستکاریکردنی وێنە یان ژیریی دەستکردەوە.
ڤیدیۆیەکی دیکە لە چوارچێوەی هەواڵە ساختەکاندا بڵاوکرایەوە و باس لەوەکرا، چیچان چووەتە ناو جەنگی ئێرانەوە، بەڵام هەواڵەکە ساختەبوو، ڤیدیۆکەش کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2024، وێنەی نمایشێکی سەربازییە لە “گڕۆزنی”ی پایتەختی چیچان و هیچ پەیوەندییەکی بە ڕووداوەکانی ئێستای ئێرانەوە نییە.





