
بەغدای پایتەخت لە نێوان دوو دۆخی دژبەیەکدا دەژی، لە لایەک خەڵکیی بەخۆشییەوە ئاهەنگیان دەگێڕا و دەیانگوت “ئێران لە جەنگەکەیدا سەرکەوت” بەڵام لە بەشێکی دیکەی بەغدا شین و گریان بوو بۆ ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی، کە بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا کوژرابوون.
لە نزیک باڵیۆزخانەی ئێران لە بەری کەرخی بەغدا محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران پێشوازیی لە خەڵکی دەکرد و ئاهەنگی سەرکەوتنی ئێرانیان دەگێڕا، کە لە دیدی ئەوانەوە تاران لە جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. ئەم ئاهەنگگێڕانە لە دوای ئەوە دێت کە شەوی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند.
لە لایەکی ترەوە، شەقامی فەلەستین لە بەری ڕەسافەی پایتەخت، مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی سێ چەکداری کەتائیبی حزبوڵای بەخۆوە بینی، کە ڕۆژی سێشەممە لە ئەنجامی بۆردومانێک لە پارێزگای بەسرە کوژران، لەوێ هاوڵاتیان بە خەم و فرمێسکەوە تەرمەکانیان بەڕێدەکرد.
ئاهەنگگێڕانی بەشێک لە خەڵکی عێراق هاوکات بوو لەگەڵ بە ئامانجگرتنی ماڵێک لە ناوچەی خۆر ئەلزوبێر لە قەزای سەفوان لە پارێزگای بەسرە ( کە دوورترین خاڵی باشووری عێراق)ە، هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی هەموو ئەو کەسانەی لە ناو ماڵەکەدا بوون کە ژمارەیان پێنج کەس بوو.





