
تا ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق لەنێوان نزار ئامێدی (کاندیدی یەکێتی) و د. فوئاد حوسێن (کاندیدی پارتی) لەئارادا نەبووە، بەڵام سەرکردەکانی هەردوو حزب بە شەخسیی قسەیانکردووە و دەیانەوێت بەر لەکۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق بگەنە ئەنجام.
ڕۆژی شەممە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق لەکارنامەی پەرلەمانی عێراقدایە، شیعەکان سورن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بۆ ئەوەی خۆیان لە تووڕەیی ئەمریکا بپارێزن، هەروەها لەحاڵەتی هەڵوەشانەوەی ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران، عێراق خاوەنی حکومەتێکی نوێ بێت و بتوانێت ڕوبەرووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە، بەڵام کورد (بەدیاریکراوی پارتی و یەکێتی) لەپشت پەردەوە مەبەستیان بوو کۆبوونەوەکە وا زوو ئەنجام نەدرێت، بەڵام کە ئێستا وادەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاریکراوە، ناچارن بە دوو کاندیدی جیاوازەوە بچنە هەڵبژاردنەکەوە، بەگوێرەی گوتەی سەرکردەیەکی یەکێتی بۆ کورد مۆنیتەر “کاندیدی ئێمە نزار ئامێدییە، ئامادەش نین بیکشێنینەوە”.
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی لەبەر هەستیاریی دۆخەکە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە باسی لەوەشکرد “بەشێک لەو لایەنە شیعانەی پێشتر بێلایەن بوون لە دەنگدان بە کاندیدی پارتی یان یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئێستا بڕیاریانداوە دەنگ بە کاندیدەکەی ئێمە بدەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تووڕەن لە هەڵوێستی فوئاد حوسێن کە لەماوەی جەنگی ئێران و ئەمریکا بە توندی دژی بەرەی مقاوەمە قسەی دەکرد، هەندێکجاریش ڕەخنەی توندی لە حەشدی شەعبی دەگرت”.
شەقامی عێراقی چاوەڕێی دانیشتنی شەممەی داهاتوو (11ی نیسان) دەکات کە تایبەت کراوە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار. هەندێک لە پەرلەمانتاران پێیان وایە واژۆی زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ شکاندنی بەربەستی “سێیەکی پەکخەر” و هەنگاونان بەرەو کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی.
زەیدون نەبەهانی، پەرلەمانتاری ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی سەبارەت بە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، “ئەو ئاماژانەی لە لایەن کوتلە سیاسییەکان و پەرلەمانتارانەوە دەبینرێت ئەوەیە، هاندەرن بۆ دانیشتنی ڕۆژی شەممە، بەڵام هێشتا هەندێک کێشە هەن، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامی نەسازان لەسەر ناوێکی دیاریکراو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار”.
نەبەهانی گوتیشی: “تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا سێیەکی پەکخەر بوونی هەیە یان نا، ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین کە نزیکەی 230 پەرلەمانتار پێشتر واژۆیان بۆ دیاریکردنی دانیشتنەکە کردووە، ئەوا ئاماژەکان بۆ بوونی سێیەکی پەکخەر نییە، ئەمەش ئەوەیە کە هیوای بۆ دەخوازین، چونکە بەرژەوەندی عێراق لە سەروو هەموو شتێکەوەیە”.
لە ئەگەری تەواوبوونی نیسابدا، یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێتە ئەمری واقیع، جا چ بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ بێت یان لە خولی دووەمدا بە زۆرینە بێت.
کێشەی عێراق تەنیا ناوماڵی کوردی-کوردی نییە، بەڵکو بووەتە ناوماڵی شیعە-شیعە، ئەمەش سیناریۆی سێیەکی پەکخەر بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، بەتایبەت کە شیعەکان هێشتا لەشۆکی پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپدان کە ڤیتۆی لەسەر نوری مالیکی، کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دانا.
ژمارەی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار 19 کەسە، دیارترینیان فوئاد حوسێن لە پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن. لە ئەگەری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا، ناوبراو 15 ڕۆژ مۆڵەتی لەبەردەم دەبێت بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیی بۆ پێکهێنانی حکومەت.





