
دوای نەخۆشخانەکان، دەرگای مزگەوتەکان لە تەرمی بێنازی غەزال مولایی داخرا، دوو سەرچاوەی ئەمنی قسەیان بۆ کورد مۆنیتەر کرد و جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی، هیچ بڕیارێکی ئەمنی نەدراوە بۆ داخستنی دەرگای مزگەوتەکان بەڕوی ئەو تەرمە و هەر تەرمێکی دیکە، هاوکات بڕیارەکەیان بە “سەربەخۆیانە” ناوبرد.
ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان باسی ساتەکانی بەر لە بەخاکسپاردنی تەرمی شەهید غەزال مولایی بۆ کورد مۆنیتەر کرد و گوتی، لە پێنج مزگەوت هیچیان ڕێگەیان نەدا تەرمی غەزال بشۆرین.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان تایبەت بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پێنج شەممە تەرمی غەزال-مان بردە یەکێک لە مزگەوتەکانی سلێمانی، بەڵام بە پاساوی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە، ڕێگەیان نەدا تەرمی غەزال بشۆرین، دواتر تەرمەکەمان بردە چوار مزگەوتی دیکە، بەڵام لەوێش بە پاساوی جیاواز ڕێگەی شۆردنیان نەدا.
کورد مۆنیتەر پەیوەندیی بە دوو بەرپرسی ئەمنی لە ئاسایش و پۆلیسی سلێمانیەوە کرد، ئەوان جەختیان لەوە کردەوە هیچ بڕیارێک لەلایەنی ئەمنیەوە نەدراوە کە لە مزگەوت یان نەخۆشخانەکان، کەیسی بریندارەکان بەبێ ڕەزامەندی ئەوان وەرنەگرن، هاوکات ئەو دوو سەرچاوەیە نیگەرانی خۆیان نیشاندا لەو شەپۆلە توندەی بەرامبەر شاری سلێمانی لەئارادایە.
وەک ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەڵێت: پاساوی بەشێک لە مزگەوتەکان ئەوە بووە کە ڕێگە بە شۆردنی ژن لە مزگەوت نادرێت.





