
داتا داراییە نوێیەکانی کە ڕۆژی یەکشەممە لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بڵاوکراونەتەوە، دابەزینێکی بەرچاو لە یەدەگی دراوی قورسی عێراق نیشان دەدەن، ئەمەش لە کاتێکدایە هۆشداریی لە دابەزینی زیاتری یەدەگەکە دەدرێت.
بەپێی داتای نوێی بانکی ناوەندیی عێراق لە 125 تریلیۆن و 614 ملیار دینار ی یەدەگی دراوی عێراق لە نیسانی ڕابردوودا، کەمبووەتەوە بۆ 123 تریلیۆن و 269 ملیار دینار (نزیکەی 93.3 ملیار دۆلار) لە کۆتایی هەمان مانگدا.
بەراوردی داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەدەگی دراوی بیانیی عێراق تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا، بە بڕی 2 تریلیۆن و 345 ملیار دیناری عێراقی دابەزینی توندی بەخۆیەوە بینیوە، هاوکات لەگەڵ دابەزینی یەدەگە فەرمییەکانی تریش بۆ 122 تریلیۆن و 780 ملیار دینار.
لەم بارەیەوە، شارەزای ئابووری، نەبیل مهرسومی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “فەیسبووک” دووپاتی کردەوە کە بەردەوامیی دابەزینی یەدەگی بیانی دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی داهاتی نەوت.
ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو هۆشدارییەی کە دوێنێ شەممە لە لایەن وەزیری نەوتی عێراق، باسم محەمەد خەزیرەوە درا، کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ڕەنگدانەوەی مەترسیداری دەبێت لەسەر دابینکردنی داهاتی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
خەزیر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونی کردەوە: “عێراق پێش هەڵگیرسانی ململانێکان لە ناوچەکەدا، مانگانە بە تێکڕا 93 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە دەکرد”، هەروەها جەختی کردەوە کە “وەزارەت بەهۆی گرژییەکانی ئێستاوە، لە ماوەی مانگی نیسانی ڕابردوودا تەنها توانیویەتی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەناردە بکات.”





