
ڕۆژی 20-5-2026 کورد مۆنیتەر لەزاری سەرچاوەیەکی باڵا لە بەغدا زانیاریی ئەوەی بڵاوکردەوە، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە تاوتوێی پرسی یەکخستنی هێزەکانی حەشدی شەعبیان کردووە، ئەوەش لەپێناو دورخستنەوەی سەرنجی ئەمریکا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، هاوکات شیعەکان دەیانەوێت هێزی پێشمەرگەش بەشێک بێت لەو یەکخستنەوەیە.
بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لە بەغدا کە قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد، بڕیارە وەزارەتێک بەناوی”وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵ” دروست بکرێت، کە ئامانج لێی تێکەڵکردن و یەکخستنی پێکهاتە جیاوازە سەربازی و ئەمنییەکانە، لەوانەش دەستەی حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری یەک وەزارەتدا، کە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
هاوکات ڕۆژی دووشەممە 25-5-2026 عیرفان سدیقی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “ڕابیعە” زانیارییەکانی کورد مۆنیتەری پشتڕاستکردەوەو گوتی: ڕێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق هێزە فەرمیەکان دەگرێتەوە، حەشدی شەعبی و پێشمەرگەش هێزی فەرمین، سەرەرای تایبەتمەندی و مێژووی خەباتی هێزی پێشمەرگە، بەڵام یەکخستنەوەکە ئەوانیش دەگرێتەوە.





