لەجیاتی دانپێدانان، حکومەتی سوریا زانکۆی کۆبانێ و ڕۆژئاوا تێکەڵی زانکۆکانی خۆی دەکات

وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا چارەنووسی زانکۆی کۆبانێ و ڕۆژئاڤای لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکلاییکردەوە و بڕیاری دا زانکۆی کۆبانێ ببێتە بەشێک لە زانکۆی حەلەب و زانکۆی ڕۆژئاڤاش لەگەڵ زانکۆی فوڕات-لقی حەسەکە تێکەڵ دەکرێت.

زانکۆی ڕۆژئاڤا ساڵی 2016 لە قامیشلۆ دامەزراوە و 13 کۆلێژ لە خۆدەگرێت، زانکۆی کۆبانێش ساڵی 2017 دامەزراوە و لە هەشت کۆلێژ پێکهاتووە، ئەم دوو زانکۆیە دیارترین دەستکەوتی ڕۆژئاوای کوردستان بوون لەبواری خوێندنی باڵادا و یەکلاییکردنەوەیان بەم جۆرە و نەمانیان وەک زانکۆی سەربەخۆ چاوەڕێی ناڕەزایی خەڵکی ئەو بەشەی کوردستانی لێ دەکرێت.

بڕیار: شەوی ڕابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا دوو بڕیاری فەرمیی وەزارەتەکەی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی بڕیارەکەش زانکۆی ڕۆژئاڤا لەگەڵ لقی حەسەکەی زانکۆی فوڕات تێکەڵ دەکرێت، بۆ ئەمساڵ ژمارەی کۆلێژەکان بۆ سێ کۆلێژ کەم دەکرێنەوە و قوتابیش بەناوی زانکۆی فوڕات وەردەگرن.

  • زانکۆی کۆبانێش تێکەڵ بە زانکۆی حەلەب دەکرێت و لەکۆی هەشت کۆلێژی زانکۆکە، بۆ ئەمساڵ چوار کۆلێژیان قوتابی وەردەگرن.

لە یەکەم کاردانەوەی ئەم بڕیارەشدا مزگین حەسەن، ئەندامی ناوەندی توێژینەوەی زمانی کوردی لە زانکۆی ڕۆژئاڤا ڕایگەیاند، ئەوان داوای داننان بە زانکۆی ڕۆژئاڤایان وەک زانکۆیەکی سەربەخۆ کردبوو نەک تێکەڵکردنی لەگەڵ لقی زانکۆیەکی دیکە، بۆیەش ئەم بڕیارە “سڕینەوە و تواندنەوەیە” و داوای هەموارکردنەوەی دەکەن.

Back to top button