ترەمپ هەڕەشەی بڕینی دۆلار دەکات

عێراق سەرجەم داهاتە نەوتییەکانی لە هەژمارێکی بانکی لە نیویۆرک پاشەکەوت دەکات، ئەمەش واشنتی کردووەتە خاوەن بڕیاری سەرەکی لە داهاتووی سیاسی و ئابووریی بەغدا، ئێستاش لە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دا ئەو دۆسیەیە وەك کارتی فشار بەکاردەهێنێت.

ئەمریکا هەڕەشەی کردووە ئەگەر مالکی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، یان هەر بەرپرسێکی گرووپە چەکدارەکان پۆستی سیادی پێبدرێت لە عێراق، دۆلارەکە لە عێراق دەگرێتەوە، کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر دروستبوونی قەیرانی دارایی دەبێت و بەهای دینار بەرامبەر دۆلار تووشی داڕمانێکی شۆکهێنەر دەبێت.

دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی 2003، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 1483ـی دەرکرد بۆ پاراستنی داهاتەکانی عێراق لە دەستی ئەو وڵاتانەی لە سەردەمی سەدامدا قەرزیان دابوو بە بەغدا. جۆرج بۆش، سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا، فەرمانی ژمارە 13303ـی دەرکرد کە پارێزبەندیی یاسایی بە داهاتەکانی عێراق بەخشی تاوەکو لە هەر ڕێکارێکی دادوەری لە دەرەوە بپارێزرێن. ئەم فەرمانە تاوەکو ئێستا ساڵانە نوێ دەکرێتەوە.

عێراق لەو کاتەدا زیاتر لە 55 ملیار دۆلار قەرزاری کوێت و سعوودیە بوو کە زۆربەیان هی سەردەمی جەنگی عێراق-ئێران بوون؛ تەنیا سعوودیە داوای 17 ملیار دۆلاری دەکردەوە. عێراق لە ساڵی 2022 تەواوی قەرزەکانی کوێتی کۆتایی پێ هێنا.

سوودەکانی ئەم سیستمە ئەوەیە کە هیچ کەس و کۆمپانیایەک ناتوانێت لە کاتی زەرەرمەندبوون یان دزەکردنی نەوت سکاڵا لە حکومەتی عێراق بکات، ئەمەش وەبەرهێنەری بیانی دەپارێزێت.

لایەنە نەرێنییەکەی ئەو سیستمە ئەوەیە ئەمریکا بۆ مەرامی سیاسی بەکاری دەهێنێت؛ وەک لە ساڵی 2020 کاتێک عێراق داوای چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکای کرد، واشنتن بە هەڕەشەی بڕینی دۆلار بەغدای پەشیمان کردەوە، بەرپرسانی عێراقی دەڵێن ئەم سیستمە بۆ جێگیرکردنی سەقامگیریی دارایی، متمانەی نێودەوڵەتی و ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە دۆلار بۆ بازرگانی پێویستە، هاوکات ڕێگری دەکات لە سپیکردنەوەی پارە بۆ ئێران.

لە دوای ساڵی 2003، عێراق وەک وڵاتێکی “مایەپووچ” و پڕ لە قەرز دەستی پێکردەوە. بۆ ئەوەی وڵاتەکە بتوانێت دووبارە نەوت بفرۆشێت و ئاوەدان ببێتەوە بەبێ ئەوەی قەرزدەرەکان دەست بەسەر کەشتییەکانیدا بگرن، “سندوقی گەشەپێدانی عێراق” (DFI) لە نیویۆرک دامەزرا. هەرچەندە زۆربەی قەرزەکان چارەسەر کراون، بەڵام سیستەمەکە وەک ئامرازێکی چاودێریی “سیستەمی سویفت” و ڕێگریکردن لە چوونی دۆلار بۆ وڵاتانی ژێر گەمارۆ (وەک ئێران) لای ئەمریکا ماوەتەوە. ئەم پاشکۆیەتییە ئابوورییە وای کردووە بەغدا نەتوانێت هیچ بڕیارێکی ستراتیژیی سیاسی بدات کە پێچەوانەی بەرژەوەندییە داراییەکانی واشنتن بێت.

Back to top button