
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی ئەوان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی جیهان یەک ئامانجیان هەبووە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی میونشن لە ئەڵمانیا، ئەمڕۆ 15ـی شوباتی 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکومەتی سووریا کێشەی لەگەڵ “ناو و شێوەی” دەسەڵاتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان هەیە؛ گوتیشی: “ئێمە گوتمان گرنگ ئەوەیە بە هەر شێوەیەک بێ کورد هەرێمی خۆی بەڕێوەببات”.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکرد: “هەموو کەس [لە بەرپرسانی وڵاتان] لەگەڵ ئەوەدان کورد مافی خۆی هەبێ، تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکان لەبەرچاو بگیرێ، هێرش نەکرێتە سەر ناوچە کوردییەکان، کوردیش بتوانن هەرێمی خۆیان بەڕێوە ببەن”.
مەزڵووم عەبدی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئێمە هیچ کێشەیەک نییە هەموو گەنجێکی کورد بگەڕێتەوە و لە نێو ئەو چوار لیوایە و هێزی ژندا جێگە بگرن، کە پێکدەهێندرێت لەنێو سوپای سووریادا. پێشمەرگەی رۆژیش دەتوانن تێیدا بەشداربن و کاری خۆیان بکەن، ئەوەش بۆ پاراستنی رۆژئاوا پێویستە.





