
زیاتر لە ساڵێکە پەرلەمانتارانی کوردستان سوێندی یاساییان خواردووە، ھەر پەرلەمانتارێک 56 هەزار دۆلاری وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی یەک رۆژ دەوامیان کردبێت.
سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی لەبارەی بڕی مووچەی وەرگیراوی پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، “ھەر پەرلەمانتارێک مانگانە 7 ملیۆن و 700 ھەزار دینار وەردەگرێت، پەرلەمانی کوردستان نزیکەی 97 پەرلەمانتاری ھەیە، بۆ یەک مانگ پەرلەمانتارەکان 746 ملیۆن و 900 ھەزار دینار وەردەگرن.
سەروەر عەبدولڕەحمان وتیشی، “ساڵی 2025 پەرلەمانتارەکان 10 مانگ مووچەیان وەرگرتووە و لەم ساڵیشدا مانگێکیان وەرگرتووە، چونکە پەرلەمانتارەکان وەکو فەرمانبەری ئاسایی مووچەکانیان وەردەگرن.
بەوتەی سەروەر عەبدولڕەحمان “ئەگەر بەپێی ئەو 11 مانگە بێت، هەر پەرلەمانتارێک لەوکاتەوەی سوێندی یاسایی خواردووە؛ 84 ملیۆن و 700 ھەزار دینار مووچەی وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی یەک رۆژ دەوامیان کردبێت. کە 56 هەزار دۆلار (پێنج دەفتەر و 60 وەرەقە-بە زمانی گشتیی) دەکات”.
“بۆ کۆی 97 پەرلەمانتارەکەش؛ ھەشت ملیار و 215 ملیۆن و 900 ھەزار دینار وەرگیراوە، لەوکاتەوەی سوێندی یاسایی خوراوە”. سەرۆکی دامەزراوەی پەی وای وت.





