
ئەمریکا دواین پەیامی خۆی بە سەرکردە شیعەکانی عێراق ڕاگەیاندووە و پێی گوتون “دەبێت پرسی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەماوەی 48 کاتژمێردا یەکلایی بکەنەوە، بەڵام دەبێت نوری مالکی لە خەیاڵی خۆتان دەربکەن”.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگاداری کورد لە بەغدا تایبەت بە “کورد مۆنیتەر” زانیاریی گرنگی لەبارەی جوڵە سیاسییەکانی چەند کاتژمێری ڕابردووی لایەنە سیاسییەکان ئاشکراکرد و گوتی:”دەبوایە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو پرسی کاندیدی سەرۆک وەزیران یەکلایی بکرایەتەوە، هەموو سەرکردە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکارییان کردبوو، بەڵام لە دواین ساتدا نوری مالکی بڕیاریدا بەشداریی لەو کۆبوونەوەیە نەکات، ئەوەش بە تەواوی ئەمریکای تووڕەکردووە”.
سەرچاوە سیاسییەکە باسی لەوەشکرد، پێشتر ئەمریکا پێنج ڕۆژ مۆڵەتی بە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دابوو، پەیامەکەیشی لەڕێگەی سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بۆ سەرکردەکان ناردبوو، سبەینێ پێنج شەممە وادەکەی ئەمریکا تەواو دەبێت و ئەمڕۆ چوارشەممە دووبارە ئەمریکا لەڕێگەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دواین پەیامی بە سەرکردە شیعەکان گەیاندووە و گوتویەتی دەبێت نوری مالکی بکشێتەوە.
هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە چییە؟
چوارچێوەکە کە گەورەترین هاوپەیمانێتی شیعەکانە دابەشی دوو بەرە بووە، بەرەیەکیان پشتیوانیی لە کاندیدکردنی نوری مالکی دەکەن و پێکهاتوون لە (ڕێکخراوی بەدر، حزبوڵڵای عێراقیی و حزبی دەعوە)، بەرەکەی دیکە دژی کاندیدکردنی مالکین و پێکهاتوون لە (ڕەوتی حیکمە و عەسائیبی ئەهلی حەق)، بڕیارە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببێتەوە و بڕیار لە کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بدات.
ئەمریکا هەڕەشەی چی کردووە؟
ئەمريكییەكان بە بەرپرسانی عێراقیان گوتووە، لەگەڵ حكومەتێك مامەڵە ناكەین نوێنەری هەندێك لەو گروپانەی تێدابێت كە لە لیستی تیرۆردان، یان لە لیستی سزاكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكادان.
پەیامی ڕوونی واشنتۆن بۆ عێراق ئەمەیە: حکومەتێک لەدەرەوەی گڵۆپی سەوزی ئێمە پێکبهێنرێت، هەریەکە لە دامەزراوەکانی سۆمۆ و بانکی ناوەندیی عێراق دەکەینە ئامانج.





