
فەرشی ئێرانی ساڵانێکی سەخت بەرێدەکات، وەرزی کۆچی خاوەن کارگە و کرێکارەکان لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و تورکیا دەستیپێکردووە، ئێستا ئێران لەبەردەم مەترسی لەدەستدانی یەکێک لە کۆڵەکە گەورە ئابوورییەکانیدایە، ئەویش فەرش و مافوورە.
بەرپرسانی کەرتی پیشەسازیی و کاری دەستیی لە شاری تەبرێز لە ئێران دەڵێن، وەرزێکی فراوانی کۆچکردنی دەستڕەنگینانی بواری فەرش و مافوور لە ناوچەکانی ئێران بە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراوی هەولێری پایتەخت دەستیپێکردووە، لە پێناو درێژەدان بە کارەکانیان و ژیانێکی ئاسوودە، ئەوەش بوەتە هۆی دروستکردنی گەورەترین مەترسی لەسەر پیشەسازیی مافوور لە ئێران.
ئەیوب بەشیری، جێگری لیژنەی مافوور و گەشتوگوزاری ئێران باس لەوەدەکات، هەرێمی کوردستان و تورکیا بوونەتە وێستگەی نوێی کۆچکردنی دەستڕەنگینانی بواری مافوور، ئەوان لە ناوچە سنورییەکانی ئێرانەوە کۆچ دەکەن و دەچنە هەولێر و شارەکانی تورکیا.
ئەیوب بەشیری ئەو کۆچکردنە بە “زەنگێکی مەترسیدار” ناودەبات و دەڵێت:”ناوچەکەمان لە گەورەترین توانای مرۆیی بەتاڵ دەبێتەوە، گرنگی نەدان بە ببژێوی دەستڕەنگینان مافوور پاڵنەری سەرەکی کۆچکردنیانە، ئەوان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی سەقامگیری کارکردنیان دۆزیوەتەوە”.
لە ئێران بەتەنیا مافوور نیە کە مەترسی لەسەر دروستبووە، بەڵکو وەک ئەیوب بەشیری دەڵێت “هەزاران خێزان مەترسی گەورەی بژێوییان بۆ دروستبووە، هەر لە کرێکارێکی ئاساییەوە کە مافوورەکان دروستدەکات و ئەوانەی دەیگوازنەوە، تا دەگاتە دیزاینەران و دەستڕەنگینەکانی دیکە بژێوییان لەسەر ئەو کارەیە، ئەوە جگە لەوەی بابەتی فەرشی ئێرانی بەشێکە لە کلتوری وڵاتەکەمان”.
بەرپرسانی ئێرانی داوا لە حکومەت دەکەن، دەستبەجێ هاوکاریی پێویست بۆ ئەو سێکتەرە پیشەسازییە دابین بکات، بۆئەوەی بەر بەو کۆچە فراوانەی دەستڕەنگینان و خاوەن کارگانەی مافوور بگرێت، کە خاکی وڵاتەکەیان جێدەهێڵن.





