
لە ساڵی 1921 کە یەکەم فەوجی سوپای عێراق دروستکرا، لەوکاتەوە تا رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حسێن لە ساڵی 2003، خەڵکی باشوری کوردستان قوربانیی یەکەمی دەست سوپای عێراق بوون، دەیان هەزار ژن و منداڵ و گەنج و پیاوی کورد، لە هێرشەکانی ئەو سوپایەدا شەهیدبوون.
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن، کورد چووە بەغدا، ئەمجارەیان بۆ ئەوەی مەترسی هێرشی سوپای عێراق لەسەر خۆی نەهێڵێت، لە رێگەی چەند بەندێکی دەستورەوە، سوپای عێراقی کۆت و بەندکرد.
نەوشیروان مستەفا، کە ئەوکات جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو لە وتارێکدا دەڵێت: بەپێی دەستوری عێراق، دەبێت تەنها 4%ـى بودجەی عێراق بۆ سوپا تەرخان بکرێت، هەروەها جوڵاندنی سوپا دەبێت بە رەزامەندی 75%ـى پەرلەمانی عێراق بێت.
نەوشیروان مستەفا، کە لە عێراقی دوای سەدام حسێن یەکێک بووە لە سەرکردە دیارەکان و بەشدار لەو شاندە کوردییانەی لە داڕشتنی دەستووری هەمیشەیی عێراق بوون دەڵێت: ئەوەمان چەسپاند کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بەپێی دەستوور بە سەرۆک وەزیرانی عێراق بەخشراوە، واتە فەرماندەی هێزە چەکدارەکان کەسێکی مەدەنی دەبێت نەک سەربازی.
کورد بە دەستورەوە نەوەستا، بەڵکو بۆ رەواندنەوەی تەواوی مەترسییەکان ناوەندی بڕیاردانی لەناو سوپای عێراقدا بۆ سێ پەیکەری بنەڕەتی دابەشکرد، بەشێوەیەک هەر سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق خاوەن بڕیارن تێیدا، بەمشێوەیە:
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان (سەرۆک وەزیران) – شیعە
وەزیری بەرگری عێراق – سوننە
سوپاسالاری عێراق – کورد
لە مادەی نۆی دەستووری عێراقدا هاتووە، هێزە چەکدارەکانی عێراق و دەزگا ئەمنییەکان لە پێکهاتەی گەلی عێراق پێکهاتوون و جەخت لەسەر هاوسەنگی و یەکسانی بەبێ جیاوازی و پەراوێزخستن دەکاتەوە، سوپا نابێت ئامرازێک بێت بۆ سەرکوتکردنی گەلی عێراق و دەست وەرنادەنە کاروباری سیاسی و هیچ ڕۆڵێکیان نییە لە گواستنەوەی دەسەڵاتدا.
قارەمان شێخ کەمال، شارەزای کاروباری سەربازی، کە پێشتر جێگری هەیئەی ئەرکان بووە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە “کورد مۆنیتەر”ی ڕاگەیاند رێژەی کورد لە سوپای عێراقدا لە ئێستادا لە نێوان 1 ـ 2%ـە.
لیوا قارەمان شێخ کەمال، بە کورد مۆنیتەری وت: پێش هاتنی داعش لەساڵی (2014)، رێژەی کورد لە سوپای عێراقدا 9% بوو، لەکاتێکدا دەبوایە 17% بوایە، ئەو کاتەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیران بوو، بڕیاری دروستکردنی دوو فیرقەی بۆ کورد دەرکرد، ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێبکرایە، رێژەی کورد دەچوو سەرو 10%.
دوای شکانی سوپای عێراق بەرامبەر بە داعش لە ساڵی 2014 وایکرد رێژەی کورد لە 9% دابەزێت بۆ 1 ـ 2%، ئێستاش ئەگەر هەوڵی زیادکردنی رێژەکە نەدرێت، ئەوا رێژەی کورد کەمتر دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی ساڵانە سەرباز و ئەفسەری کورد خانەنشین دەبێت و شوێنیان بە کورد پڕناکرێتەوە.. ئەوەش بە وتەی لیوا قارەمان شێخ کەمال.
بەپێی دواین سەرژمێری، گەلی کورد 14%ـى ڕێژەی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت، جگە لە ناوچە دابڕێنراوەکان، پێگەی “گڵۆباڵ فایەرز پاوەر” لە نوێترین ئاماری ژمارەی سەربازانی عێراق دا ئاشکرایکردووە، سوپای عێراق لە 200 هەزار سەربازی چالاک پێکهاتووە، هاوکات 130 هەزار چەکداری دیکەی نیمچە سەربازیی هەیە. بۆیە بەپێی دەستور دەبێت سوپای عێراق زیاتر لە 28 هەزار سەربازی لە کورد پێکبێت.





