هەینی ماڵئاوایی.. ئەمریکا دواین وادەی بۆ شیعەکانی عێراق دیاریکردووە

ڕۆژی هەینی ئەو مۆڵەتەی ئەمریکا بۆ لایەنە شیعەکانی عێراقی دانابوو، تاوەکو کاندیدی سەرۆک وەزیران (جگە لە نوری مالکی) یەکلایی بکەنەوە کۆتایی دێت. ڕۆژی هەینی لایەنە شیعەکان بڕیار دەدەن ماڵئاوایی لە نوری مالکی بکەن، یاخود ماڵئاوایی لە ئەمریکا بکەن.

ڕۆژی هەینی بۆ عێراق و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت یەکلاکەرەوەیە، کورد مۆنیتەر لەزاری دوو بەرپرسی کورد لە بەغدا زانیاریی ئەوەی دەستکەوتووە، لەکاتژمێرەکانی رابردووەوە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و سێ قۆڵیی لایەنە شیعەکان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران دەستیپێکردووە، چونکە ئێستا لایەنەکان ناتوانن لەکۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دوا بڕیار بدەن، بۆیە بە ناچاریی لەدەرەوەی چوارچێوەکە کۆدەبنەوە.

ئەو دوو بەرپرسە باسیان لەوەشکرد، هەموو ئەو کۆبوونەوانە لەپێناو کۆبوونەوە یەکلاکەرەوەکەی ڕۆژی هەینی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە، کە هەمان ڕۆژ مۆڵەتەکەی ئەمریکا بۆ لایەنە سیاسییەکان کۆتایی دێت و دەبێت ئەو ڕۆژە پرسی سەرۆک وەزیران یەکلایی بکەنەوە، بۆیە چوارچێوەی هەماهەنگی شەوی هەینی 27-2-2026 بۆ بڕیاری کۆتایی کۆدەبنەوە.

پێشتر شیعەکان داوایان لە ئەمریکا کرد مۆڵەتێکی زیاتریان بداتێ، بۆئەوەی پرسی نوری مالکی کە تا ئیستا کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە یەکلایی بکەنەوە، هەرچەندە نوری مالکی لە دواین لێدوانیدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، سوربوونی خۆی لەسەر مانەوەی وەک تاکە کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران دووپاتکردووەتەوە.

تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق دوو ڕۆژە لە نێوان بەغدا، هەولێر و سلێمانی لە جوڵەدایە. ئەو دوو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر باسی لەوەکرد، لەکۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تۆم باراک بە ڕوونی گوتویەتی: دەبێت هێزە سیاسییەکان بڕیار بدەن و لەنێوان پشتیوانیکردن لە داواکارییەکەی ئەمریکا یان پشتگیریکردنی نوری مالکی هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا بکەن، ئەوەبوو مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای کۆبونەوەی لەگەڵ تۆم باراک رایگەیاند: ئەو لەگەڵ کاندیدێکدایە کە چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری لەسەر بدات.

ئێستا لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانانی مالکی کەمبوونەتەوە، بۆیە پێدەچێت بە زۆرینەی دەنگ ناوبراو دوربخەنەوە، بەڵام هێشتا دیار نیە مالکی لەبەرامبەر چیدا دەکشێتەوە.

Back to top button