
ماوەی چەند ڕۆژێکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران، هەلیکۆپتەری سەربازیی لە فڕۆکەخانەی هەولێری پایتەخت بەردەوام لە جووڵەدایە، بەگوێرەی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر، بەشێک لە سەربازە ئەوروپییەکان لە هەولێر کشاونەتەوە و بەشێکی دیکەیان ماونەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی کە قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد ئەوەی ئاشکراکرد،چەند وڵاتێکی سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عێراق، هێزەکانیان لە بنکەی ئاسمانی هەولێر کشاندووەتەوە، یان شوێنی خۆیان گۆڕیوە، لە ترسی ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران لەکاتێکدا ئەمریکا هێرش بکاتەسەر ئەو وڵاتە.
ئەو سەرچاوە ئەمنیەی قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد گوتیشی: سەربازانی ئەمریکا و هەنگاریا لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە، بەڵام هێزەکانی نەرویژ و سوید لەگەڵ ژمارەیەک سەربازی ئیتاڵیا و فەرەنسی چوونەتە دەرەوە خاکی عێراق.
ئێستا مەزەندە دەکرێت کەمتر لە دوو هەزار سەربازی ئەمریکی لە هەولێر هەبن، دوای ئەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا هێزەکانی لە بەغدا و عەین ئەسەدەوە گواستەوە بۆ هەولێر، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ساڵی 2024 لەگەڵ عێراق، بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی خۆی لەو وڵاتە تا کۆتایی ساڵی 2025، و لە هەرێمی کوردستانی عێراق تا مانگی ئەیلولی 2026.
دوایین ڕاپۆرتی پشکنەری گشتی پنتاگۆن کە لە 19ی شوبات بڵاوکرایەوە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە هێزەکانی هاوپەیمانان دوای ڕادەستکردنی بارەگاکانیان لە بەغدا، لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوەوە چوونەتە هەرێمی کوردستان، هەروەها لە مانگی کانوونی دووەمیشدا بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد-یان ڕادەستی حکومەتی عێراق کردووە.
هاوپەیمانییەکە بارەگا سەرەکیەکەی گواستەوە بۆ هەولێر و کوەیت. لە ئەنجامدا بنکەی ئاسمانی ئەمریکا لە هەولێر کە دەکەوێتە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، بووەتە ئامانجێکی بەرچاوتر بۆ ئێران، بەو پێیەی ئێستا تاکە بنکەی ئەمەریکایە کە لە عێراقدا ماوەتەوە.





