بەڕێوەبەری سۆمۆ: بەشێک لە کەشتییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەچنە نێو ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل-دان

بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ” ڕایدەگەیەنێت، هەندێک لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستان شوێنی جوگرافییان دەشارنەوە، ئاماژەکانیش نیشانی دەدەن دەچنە سنورە ئاوییە هەرێمییەکانی سەر بە ئیسرائیل.

عەلی نزار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لەمیانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی دا ڕایگەیاند، “لەڕاستیدا بەدواداچوونمان بۆ هەندێک لە کەشتی نەوتهەڵگرەکان کردووە، کە ئامێری چاودێریکردنی (AIS) دەشاردنەوە، دواتریش هەندێک ئاماژە نیشانیدەدات ئەو کەشتیانە دەچنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل وەك عەسقەلان و چەند ناوچەیەکی دیکە”.

وەك عەلی نزار دەڵێت، نەوتی فرۆشراو زیاد لە دوو بۆ سێ جار لەلایەن بازرگانە نێودەوڵەتییەکانەوە دووبارە دەفرۆشرێتەوە، بۆیە چوونی ئەو کەشتییە نەوتییانە لە ئەنجامی مامەڵەی ئەو بازرگانانەدایە، نەك مامەڵەی فەرمی حکومەتی عێراق یان حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیسرائیل.

بەوتەی عەلی نزار:”لەمڕۆدا بەقاچاغبردنی نەوت ئەستەم بووە، چونکە عێراق لەچوارچێوەی ئۆپیک-دایە. جگە لەوە هەر لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانەوە تا هەناردەکردنی نەوتیش بەشێوەیەکی شەفاف بەڕێوەدەچێت”.

 

Back to top button