
لەدواین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دا، وەزیری دارایی باسی لە دۆخی داهاتی ناوخۆی هەرێم کردووە و وتویەتی، ئەگەر 120 ملیار دینار بۆ بەغدا بنێرن، کورتهێنانیان بۆ دروست دەبێت.
یەکێک لەو وەزیرانەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداربووە، بۆ کورد مۆنیتەر ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی ئاشکراکردووە و گوتویەتی: کێشەمان لە داهاتی ناوخۆدا هەیە، چونکە بۆ مانگی دوو داهاتی ناوخۆ تەنیا 150 ملیار دینارە، ئەگەر 120 ملیار دینار بدەینە بەغدا، ئەوا کورتهێنان ڕوودەدات، چونکە خەرجی فەرمانگە و کاروبارەکانی حکومەت، مانگانە پێویستی بە 80 ملیار دینار دینارە.
بەگوێرەی ئەو قسانەی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، نزیکەی 50 ملیار دینار کورتهێنان بۆ حکومەتی هەرێم دروست دەبێت، ئەوە لە حاڵەتێکدا ئەگەر 120 ملیار دینارەکە وەک خۆی بۆ بەغدا بنێرێت.
لەکۆبونەوەکەدا پێشنیازکراوە شاندێکی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق بگاتە ڕێککەوتن، بۆئەوەی کەمتر لە 120 ملیار دینار بۆ بەغدا بنێردرێت، بەڵام ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتویەتی: ناتوانین کەمتر لە 120 ملیار دینار بۆ بەغدا بنێرین، چونکە ئەوە ڕێککەوتنی لەسەرکراوە و بەغدا بۆ موچەی مانگی دوو چاوەرێی ناردنی ئەو 120 ملیار دینارە دەکات، بۆئەوەی دواتر ڕێکارەکانی ناردنی موچە دەستپێبکات.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دواین لێدوانیدا ڕایگەیاند، داهاتی گومرگی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 60% دابەزیوە.
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر ئەوە ڕێککەوتبوون، هەرێم 50%ی داھاتی ناوخۆ بداتە عێراق، بەڵام وا دیارە ئێستا دەیەوێت لەو 120 ملیار دینارەش نیوەی بداتە بەغدا.
مانگانە کە بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان کۆدەکرێتەوە، نزیکەی 72 ملیار دیناری پشکی هەولێر و دهۆکە، و 48 ملیار دیناریش پشکی سلێمانی و هەڵەبجەیە.
داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن خەرج دەکرێت؟
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری مەسرور بارزانی، پێشتر بەمشێوەیە باسی لە کۆی گشتی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان و شێوازی خەرجکردنی کردبوو:
-داهاتی ناوخۆ مانگانە (320 – 340) ملیار دینارە
– لە داهاتی ناوخۆ كە (320) ملیار دینارە (67) ملیار دیناری بە چەكە و مەقاسەی نێوان فەرمانگەكانە
– مانگانە (49) ملیار دینار دەخەینە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی عێراق
– لەوەی دەمێنێتەوە (230) ملیار دینارە
– لەو (230) ملیار دینارە مانگانە حكومەتی هەرێم (158) ملیار دیناری خەرج دەكات بۆ خەرجی تەشغیلی
– پێشینەی فەرمانگەكانی حكومەت كە نزیكەی (120) ملیار دینارە ئێستا (60) ملیاری مانگانە خەرج دەكرێت.
– مانگانە (24) ملیار دینار دەدرێت بە كرێی وانەبێژی مامۆستایان
– مانگانە (2 ملیار و 500 ملیۆن) كرێی گرێبەستەكانە
– پاككردنەوەی شاروشارۆچكەكانی هەرێم مانگانە پێویستی بە (10) ملیار دینارە
– واتا لە (230) ملیار دینار، (158) ملیار دیناری لێدەدرێت دەكاتە (72) ملیار دینار.





