
جیاواز لەو بۆچونانەی کە دەڵێن پرسی کاندیدبوونی نوری مالکی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لای ئەمریکا کۆتاییهاتووە، بەڵام وتەبێژی دەوڵەتی یاسا (حزبەکەی نوری مالکی) دیوێکی دیکەی هەوڵەکانی حزبەکەی بۆ قایلکردنی سەرۆکی ئەمریکا تا ڤیتۆکەی لەسەر مالکی هەڵبگرێت ئاشکرادەکات.
عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی دەوڵەتی یاسا لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا ئاشکرایکردووە: “بەرەوپێشچوونی گەورە لە هەڵوێستی ئەمریکا ڕوویداوە، ئەو گۆڕانەش لە بەرژەوەندی چارەسەرکردنی ڤیتۆی دۆناڵد ترەمپە لەسەر نوری مالکی”.
عەقیل فەتلاوی وردەکاریی هەوڵەکەی ئاشکرانەکرد و تەنها ئەوەی گوت: بۆئەوەی بابەتەکە بەلاڕێدا نەبرێت، بەڵام سێ جۆر پەیوەندیی لە عێراقەوە بۆ ئەمریکا هەیە و یەکێکیان پەیوەندی لایەنێکی کوردییە لەگەڵ واشنتۆن.
سەبارەت بە تویتەکەی سەرۆکی ئەمریکا فەتلاوی ئەوەی بە “هەڵوێستی شەخسیی ترەمپ” ناوبردووە نەك هەڵوێستی فەرمی ئەمریکا و دەڵێت: لەو نوسراوەی ئەمریکا رادەستی باڵیۆزی عێراق لە واشنتۆنی کردووە، لە هیچ خاڵێکی ئەوەی تێدا نییە کە نوری مالکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ڕەتکرابێتەوە.
سەبارەت بەو لایەنانەی لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئەمریکا بۆ ڕازیکردنی ترەمپ تا ڤیتۆ لەسەر مالکی هەڵبگرێت، وتەبێژەکەی دەوڵەتی یاسا گوتی: لایەنی شیعی، سوننی، کورد لەیەککاتدا لە هەوڵدان، تەنانەت کەناڵی پەیوەندیکردنی عەرەبی و وڵاتانی کەنداویش بۆ ئەو پرسە کەوتوونەتە کار.





