
تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق ئەمڕۆ هەینی کۆبوونەوەیەکی دیکەی لە بەغدای پایتەخت لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ئەنجامدا، ئەوەش دووەم کۆبوونەوەی تۆم باراکە لەگەڵ فایەق زێدان لەم هەفتەیەدا.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: لەگەڵ نێردەی سەرۆکی ئەمریکا باس لە ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەریی کرا، لە هەوڵدان بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان بۆ قۆناغی داهاتوو.
لەم هەفتەیەدا تۆم باراک بە چڕیی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی عێراق ئەنجامداوە، سەرەتا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە، هەر لە بەغدا لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم کۆبووەوە، دواتریش لە هەولێر و سلێمانی بە جیا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوەوە.
ئەوە دووەمینجارە لەم هەفتەیەدا باراک لەگەڵ فایەق زێدان کۆدەبێتەوە، ڕۆژی دووشەممە یەکەم کۆبوونەوەیان ئەنجامدا کە بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، باسیان لە دۆسیەی ئەو چەکدارانەی داعش کردووە، کە لە سوریاوە بۆ نێو خاکی عێراق گواستراونەتەوە، ئەمڕۆ هەینیش جارێکی دیکە کۆبونەوە.
کۆبونەوەی ئەمریکا لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ فایەق زێدان وەك گۆڕانی تێڕوانینی ئەمریکا بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق تەماشا دەکرێت، چونکە پێشتر لە دیدی ئەمریکاوە فایەق زێدان بە کەسێکی نزیک لە ئێران و جێبەجێکاری ئەجێندای تاران لە عێراق تەماشا دەکرا، تەنانەت لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکاوە داوای سزادانی دەکرا.





