
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی تۆم باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق یەکلاکەرەوەیە، هەرچەندە سەرەرای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان، بەڵام هێشتا وردەکاریی قسەکانیان ئاشکرانەبووە، بەڵام کورد مۆنیتەر بەدواداچوونی کردووە و لە دوو سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە زانیاریی نوێی دەستکەوتووە.
دوو سەرچاوەی باڵای سیاسی لە بەغداوە تایبەت بۆ کورد مۆنیتەر زانیاریی ئەوەیان ئاشکراکرد، لەسەرجەم ئەو کۆبونەوانەی ڕۆژانی ڕابردووی تۆم باراک لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیی ئەنجامدراوە، باراک پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە کە کۆتایی ئەم هەفتەیە دوا وادەیە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
ئەو دوو سەرچاوەیە کە لە نزیکەوە ئاگاداری کۆبوونەوەی تۆم باراک-ن لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیی ئەوەیان بۆ کورد مۆنیتەر ئاشکراکرد، نێردەکەی ترەمپ بە ڕوونی وتویەتی: ئەگەر مالیکی پێداگر بێت لەسەر مانەوەی وەك تاکە کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوا لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە ئەمریکا سزا بەسەر عێراق دا دەسەپێنێت.
لەبارەی جۆری سزاکان بۆسەر عێراق ئەو دوو سەرچاوەیە گوتیان: سەرەتا بە کەسایەتییە سیاسییەکان و بەرپرسانی پێشووی حکومەتی عێراق دەستپێدەکات، دواتر دامەزراوە حکومییەکان و بەدیاریکراوی بانکەکان دەکاتە ئامانج، بەتایبەت ئەو بانکانەی بەرپرسن لە حەواڵەی دراو بۆ دەرەوەی عێراق”.
لە دورخستنەوەی مالیکییەوە بۆ لیستێکی نوێی داواکاریی:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیاڵ پۆستێکی کرد و بە ڕوونی کاندیدکردنی مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەتکردەوە، تا ئەوکاتە بەرپرسانی عێراقیی پێیان وابووە داواکارییەکەی ترەمپ تەنها بریتییە لە گۆڕینی مالیکی بە کاندیدێکی دیکە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو ئەمریکا بە نوسراوی فەرمی لیستێکی داواکاریی ڕادەستی باڵیۆزی عێراق لە واشنتۆن کردووە.
پوختەی لیستی داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق بەمشێوەیەن:
– کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێران لەسەر عێراق
– پەرەپێدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی بەغدا و واشنتۆن
– چەکداماڵینی گروپەکانی نزیک لە ئێران و تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت
– گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵیی و چاکسازیی لە سیستمی دادوەریدا





