
لە ڕواڵەتدا ڕۆژانێک سعودییە و ئیمارات دوانەیەکی بەهێز بوون بۆ ڕوبەڕوبونەوەی وڵاتانی دیکەی کەنداو و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی، بەڵام پێدەچێت لەسەرخۆ هەردوو محەمەدەکە (محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییە و محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات) بچنە قۆناغێکی توندی ململانێی سیاسییەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز-ی ئەمریکی لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرایکردووە؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە هاوتا ئیماراتیەکەی، (محەمەد بن زاید)ی ڕاگەیاندووە، سعودییە داوای لێکردووە سزا بەسەر ئیماراتدا بسەپێنێت، ئەویش بەهۆی پشتیوانیکردنیان لە هێزەکانی پشتیوانی خێرای سودان.
داواکارییەکە لەلایەن محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییەوە کراوە، بەڵام مێژووی داواکارییەکە بۆ کۆتایی ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە مانگی نۆڤەمبەردا پەیامەکەی بە محەمەد بن زاید گەیاندووە، دوای ئەوەی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە سەردانی کۆشکی سپی کردووە.
پلانی شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ لۆبیکردنی ترەمپ لە دژی ئیمارات خەریکە لە پشت پەردەوە دێتە سەر شانۆی سیاسی ناوچەکە، سەرچاوەی کێشەکەش سودانە، محەمەد بن سەلمان سەرەتای کێشەکانی سودان هەوڵیدا وەک ناوبژیوان دەرکەوێت، بەڵام دواتر لەژێرەوە دەستیکرد بە هاوکاریکردنی سوپای سودان بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح بورهان، چونکە لەبەرامبەردا ئیمارات پشتگیریی لە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بەسەرکردایەتی محەمەد دەقلو (حەمیدتی) دەکرد.
هەندێک لە شرۆڤەکاران و بەرپرسانی ناوچەکە پێشبینی دەکەن کە لۆبیکردنی سعودیە دوا هەوڵ بووە بەرامبەر ئیمارات، بۆ پشتگیریکردنی هێرشێکی بەرفراوان لەلایەن هێزە جیابووەکان لە یەمەن لە مانگی کانوونی دووەمدا. ئەو هەنگاوە هێرشێکی سەربازی بەرفراوانی سعودیەی لە یەمەن خێراتر کرد، بەوشێوەیە ئەنجومەنی ڕاگوزەری باشوور کە لەلایەن ئیماراتەوە پاڵپشتی دەکرا، لە دەسەڵات دەرکرا.
محەمەد بن سەلمان نامەیەکی “درێژ”ی بۆ تەحنون بن زاید، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیمارات ناردووە و گلەیی لە چالاکییەکانی ئیمارات لە سودان و یەمەن کردووە. لە نامەکەدا کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر نێردراوە، لیستێکی وردی سکاڵاکانی دژ بە ئیمارات خستۆتە ڕوو، هەروەها لە ڕێگەی برا و ڕاوێژکاری شازادەی جێنشینی سعودیەوە، خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگری سعودیە، نێوەندگیری پێشکەش کردووە.
هەروەها لە نامەکەدا هاتووە، سعودیە تووشی شۆک بووە لەوەی ئیمارات پێیوابوو سعودییە فشاری خستۆتە سەر ئەمریکا بۆ ئەوەی سزای بەسەردا بسەپێنێت، ئەمەش وا دیارە هەوڵێکە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لەسەر دەنگۆی سزادانی ئیمارات. ترەمپ سزای بەسەر ئیماراتدا نەسەپاندووە، هەرچەندە هەفتەی ڕابردوو ئەمریکا سزای نوێی بەسەر فەرماندەکانی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ڕاگەیاند.
لە یاداشتێکدا کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بڵاوکرایەوە، ئەمریکا دانی بەوەدانا کە برا و ئەفسەرێکی نزیکی فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی محەمەد حەمدان، جگە لە پاسپۆرتی کینیا، ناسنامەی ئیماراتی بەکاردەهێنێت.





