دەنگۆی کوژرانی هەیە.. محەمەد پاکپوور ئەندازیاری هێرشکردنەسەر حزبە ڕۆژهەڵاتیەکان و هەرێمی کوردستان

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزیان گوتووە، محەمەد پاکپوور، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر تاران کوژراوە. پاکپوور تا لە ژیاندا بوو دژی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بەردەوامیش هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان دەکرد.

هەر کاتێک ناوی محەمەد پاکپوور دێت، ڕاستەوخۆ باس لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوانە بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستانە دەکرێت، چونکە لە ڕابردوودا پاکپوور هۆشداری دەدایە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی کە بنکە و بارەگای حزبە ڕۆژهەڵاتیەکانی لێیە، بەوەی دووربکەونەوە لەو بارەگایانە چونکە دەکرێنە ئامانجی مووشەکەکانی ئێران.

پاکپوور بۆچوونی وابوو، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان نابێت ڕێگە بدەن بە جووڵانەوە و دامەزرانی بارەگای سەربازیی ئەو حزبانەی کە مەترسین بۆسەر ئاسایشی ئێران.

محەمەد پاکپوور کێیە؟

محەمەد پاکپوور لەدایکبووی ساڵی 1961ی شاری ” ئەراک”ە لە ئێران. پاکپوور خاوەنی بڕوانامەی ماجستێرە لە جوگرافیا لە زانکۆی تاران و دکتۆرای لە جوگرافیای سیاسی لە زانکۆی تەربییەت مودەریس ھەیە. ئەو لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا ئەندامی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و فەرماندەییی یەکەی زرێپۆشی پاسەوانی بووە.

سەرۆکی ھێزی وشکانیی سوپای پاسداران بووە بۆ ماوەی 16 ساڵ لە (2009 بۆ 2025).

لە 12ی نیسانی 2021، یەکێتیی ئەورووپا سزای بەسەر محەممەد پاکپووردا سەپاند بەھۆی ڕۆڵی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران

لە ماوەی فەرماندەیی پاکپووردا، هێزی زەمینی سوپای پاسداران چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی حزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەنجامداوە، ئەوە جگە لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی بۆسەر بارەگای ئەو حزبانە.

 

Back to top button