
لەگەڵ دەنگی تەقینەوە بەهێزەکانی تاران و بڵاوبونەوەی دیمەنی بارەگا روخاوەکەی خامنەیی، پرسیارێک مێشکی ئێرانییەکان و جیهانی خواردووە، ئەویش عەلی خامنەیی لە کوێیە؟
لە ساتەکانی یەکەمی هێرشەکەوە میدیا ئیسرائیلییەکان دەنگۆی کردنە ئامانجی شوێنی مانەوەی خامنەییان بڵاوکردەوە، ئەمەش ترسی لە ناو شەقامی ئێرانی دا دروستکرد، بەڵام هەرزوو “ئاژانسی رۆیتەرز” لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند: خامنەیی بە کاتێکی کەم پێش هێرشەکە لە تاران نەماوەو گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار، ئەمەش ئاهێکی بە دڵی لایەنگرانی خامنەیی دا هێنا.
دەرنەکەوتن و نەبوونی لێدوانێکی ڤیدیۆیی خامنەیی لە دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشەکان جارێکی دیکە وای لە میدیا ئیسرائیلییەکان کرد کە هەواڵی کوژرانی خامنەیی بڵاوبکەنەوە و ئاماژە بەوە بکەن ڕێژەی مانەوەی لە هێرشە وێرانکەرەکان نزیکە لە سفر و زانیاریی سەرەتاییش هەیە کە خامنەیی و چەند کەسەیاتییەکی باڵا لە تاران کراونەتە ئامانج.
زۆربونی دەنگۆکان لەسەر کوژرانی خامنەیی، بەپەلە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانی هێنایە دەنگ و ڕایگەیاند “ئەوەندەی من بزانم خامنەیی لە ژیان دا ماوە و لە هێرشکاندا نەکراوەتە ئامانج”.
تا دەهات دەنگۆی کوژرانی رێبەرە ڕیش سپییەکەی ئێران زیاتر دەبوو، لە تازەترین پێشهاتیشدا ئێوارەی ئەمڕۆ میدیاکانی ئیسرائیل بە دڵخۆشییەوە ڕایانگەیاند: کە زانیاریی وردیی هەواڵگرییان دەستکەوتووە کە فەرماندە و سوپای ئێران هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ریبەری باڵا پچڕاوە.
میدیاکانی ئێران لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژە بەوە دەکەن، عەلی خامنەیی پێش هێرشکە لە تاران نەبووە و بەڵکو خۆی و خێزانەکەی گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و نهێنی کە نزیکەی هەشتا مەتر لە ژێر زەوییدایە و لەلایەن هێزیکی تایبەتی مەشپێکراوەوە بە ناوی “هێزی وەلی عەسر” دەپارێزێت.





