
هێشتا بەشێک لە دانیشتوانی تاران لە خەودا بوون، چەندین تەقینەوەی گەورە ناوەندی شارەکەی هەژاند و ئەوانەی خەوتبون بە دەنگی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بەخەبەر هاتن بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی هێرشەکە بەرۆژ ئەنجامدرا.
ئاژانسەکانی ئیسرائیل دەڵێن: بڕیاری هێرشکردن لە کاتی ڕۆژدا، پێش هەموو شتێک بۆ ئەوە بوو کە سەرجەم ئامادەکارییەکانی ئێران تێکبدرێت، چونکە هەموان ڕاهاتبوون کە هێرشە ئاسمانییەکان هەمیشە لە نیوەشەو و بەرەبەیان دا ئەنجام بدرێت، ئیسرائیل ویستی ئەم جارە بە پێچەوانەی هەموو پێشبینییەکان بجوڵێتەوە. ئەمە وای کرد کە بەرگرییە ئاسمانییەکان چاوەڕوانی هێرشێکی وەها نەبن و تووشی شڵەژانێکی گەورە بن، چونکە هیچ کەس تەسەوری نەدەکرد لە ژێر تیشکی خۆردا فڕۆکەکان بگانە ئاسمانی تاران.
لایەنێکی تری ئەم کارە پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە ئیسرائیل دەویست پەیامێکی سیاسی و سەربازیی زۆر ڕوون بنێرێت. چونکە لە زانستی سەربازیی دا کاتێک وەڵاتێک بە ڕۆژ هێرشدەکات واتای ئەوەیە هیچ شتێکت نییە لێی بترسێت و متمانەی بەوە هەیە کە کەس ناتوانێت ڕێگریت لێ بکات.
هاوکات هێرشکردن بە رۆژ ڕێگە بە فڕۆکەوانەکان دەدات کە ئامانجە سەربازییەکان بە چاوی خۆیان ببینن و زۆر بە وردی بیپێکن، لە ڕاستیدا ئەمە نیشاندانی هێز بوو، وەک ئەوەی ئیسرائیل بڵێیت “ئێمە دەتوانین لە هەر کاتێکدا بمانەوێت بێین و بڕۆین”.
لەکۆتاییدا، کاتی هێرشەکە کە کەوتبووە ڕۆژی شەممە، زۆر بە وردی هەڵبژێردرابوو. چونکە لە ئیسرائیل ڕۆژی شەممە پشووە و شەقامەکان چۆڵن، ئەمەش وادەکات ئەگەر ئێران دەستبەجێ بە موشەک وەڵام بداتەوە، حکومەت بتوانێت زۆر بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات و زیانی گیانی کەمتر بێت. جگە لەوەش، لەو کاتەدا تیمی ئەمنی ئەمریکاش بە تەواوی لەسەر هێڵ بوون بۆ ئەوەی چاودێری ئاسمانی ناوچەکە بکەن و ئاگاداری هەر جوڵەیەک بن کە ڕەنگە لە لایەن ئێران یان هاوپەیمانەکانیەوە بکرێت.





