
لە نوێترین تاکتیکی سەربازیدا، ئەمڕۆ زۆرینەی مووشەکەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران بە نزمیی دەفڕین، ئەوەش یەکەمجارە بەو ئاسانییە مووشەکەکان ببینرێن، بەڵام لە پشت ئەو دیمەنەوە تاکتیکی گرنگ هەن.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی ئاسمانی داقوق (دەروازەی زێڕین بۆ تێپەڕبونی موشەک و فڕۆکە) و ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شارەکانی عێراق بینران، ئاسمان بە مووشەک تەنرابوو، بەڵام “نزمی ئاستی فڕین”ی مووشەکەکان پرسیاری گەورەی دروستکردووە، گرنگترین وەڵامیش بۆ ئەو بابەتە بەمشێوەیەیە:
یەکەم: بەزاندنی ئاسۆی ڕادار (Radar Horizon)
ڕادارەکان بە هێڵێکی ڕاست شەپۆل دەنێرن، بەڵام زەوی چەماوەیە. مووشەکی “کروز” بە ئەنقەست لە ژێر مەودای شەپۆلەکانی ڕادار دەفڕێت. ئەم تاکتیکە وادەکات ڕادارەکە تەنها “ئاسۆ” ببینێت و مووشەکەکە لە “ناوچەی سێبەر” (Shadow Zone) بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی دەگاتە نزیکترین مەودای ئامانجەکە.
دووەم: تەکنەلۆژیای (Terrain Contour Matching – TERCOM)
ئەم مووشەکانە تەنها ئامێرێکی بێگیان نین؛ خاوەنی نەخشەی سێ ڕەهەندیی زەوییەکەن. سیستەمی لێهاتووی ناوخۆییان ڕێگەیان پێ دەدات بە بەرزییەکی کەم (هەندێکجار تەنها 15 مەتر) بەسەر زەویدا بفڕن و شوێن هەوراز و نشێوەکان بکەون، ئەمەش وایکردووە لە داقوق و دەشتاییەکاندا بە ئاشکرا بە چاو ببینرێن.
سێیەم: کەمکردنەوەی مەودای دۆزینەوە (Detection Time)
کاتێک مووشەک یان فڕۆکە بە بەرزی دەفڕێت، ڕادار لە مەودای 400کیلۆمەترییەوە دەیدۆزێتەوە. بەڵام کاتێک بە نزمی دەفڕێت، ڕادار تەنها کاتێک دەیبینێت کە دەگاتە مەودای ٣٠ بۆ ٥٠ کیلۆمەتری. ئەمە کاتی “وەڵامدانەوە” (Reaction Time) بۆ بەرگری ئاسمانی دوژمن ناهێڵێت و تووشی شۆکیان دەکات.
چوارەم: تاکتیکی تێکدانی ئەلیکترۆنی (Electronic Jamming)
هاوکات لەگەڵ نزم فڕین، فڕۆکە جەنگییەکان شەپۆلی تێکدەر دەوەشێنن بۆ پەکخستنی سۆنار و ڕادارەکان. بینینی فڕۆکەکان بە نزمی، بەڵگەی “باڵادەستیی ئاسمانییە”؛ واتە سیستەمی بەرگری بەرانبەر ئەوەندە لاواز کراوە کە فڕۆکەوانەکە پێویست ناکات لە بەرزاییەکەی مەترسیدار (High Altitude) بمێنێتەوە.
پێنجەم: پەیامی ستراتیژی و جەنگی دەروونی
لە زانستی سەربازیدا، نیشاندانی چەک لە ئاسمانی دوژمن بە چاوی ڕووت، پەیامێکی سیاسی و دەروونییە. ئەمە دەیسەلمێنێت کە “قەڵغانی ئاسمانی” وڵاتەکە کون کراوە و هیچ شوێنێک پارێزراو نییە و سیستەمی ڕاداری ئێران کۆتای پێهاتووە .





