نهێنی کتێبەکەی بەردەمی نەتەنیاهۆ لەکاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران

لەکاتی بەڕێوەچوونی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهۆ وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە، لەپشت ئەو کتێبەوە چیرۆکێک هەیە کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت دووبارە بیخاتەوە بەرچاوی ئەمریکا.

لەسەر مێزەکە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کتێبێکی مێژوویی بە ناوی “Allies at War” (هاوپەیمانان لە جەنگدا) لە نووسینی “تیم بووڤەری” لەبەردەستدایە. ئەم کتێبە باس لە ململانێ و پەیوەندییەکانی نێوان وینستۆن چەرچڵ (سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەکاتی جەنگی جیهانیی دووەم) و فرانکلین ڕۆزفێڵت (سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی جەنگی جیهانیی دووەم) لە جەنگی دژی نازییەکاندا دەکات، کتێبەکە هەڵگری پەیامێکی قووڵە. نەتەنیاهۆ کە هەمیشە خۆی بە “چەرچڵی سەردەم” بەراورد دەکات، دەیەوێت بڵێت کە ئەویش وەک سەرکردەکانی جەنگی جیهانیی دووەم، خەریکی بەڕێوەبردنی جەنگێکی چارەنووسسازە کە تێیدا بەرژەوەندی هاوپەیمانەکان (بەتایبەت ئیسرائیل و ئەمریکا) هەمیشە یەک ناگرێتەوە.

بوونی ئەم کتێبە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەو “شەڕە ساردەی” لە پشت پەردەکان لە نێوان ئیسرائیل و ئیدارەی ئەمریکادا هەبوو دەربارەی چۆنیەتی و قەبارەی هێرشکردنە سەر ئێران. ناتەنیاهۆ لە ڕێگەی ناونیشانی ئەم کتێبەوە دەیەوێت نیشانی بدات کە هەرچەندە ئەمریکا هاوپەیمانی سەرەکییە، بەڵام ئیسرائیل لە بڕیارە ستراتیژییەکانیدا سەربەخۆیە، ڕێک وەک ئەو ململانێیانەی لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا لە نێوان هاوپەیمانان هەبوو.

ئەمە تەنها وێنەی سەرکردەیەک نییە لە کاتی جەنگدا، بەڵکو نیشاندانی تێڕوانینی نەتەنیاهۆیە بۆ خۆی وەک پارێزەری شارستانییەت لە بەرامبەر ئەوەی ئەو بە “هیتلەری نوێ- ئێران)” ناوی دەبات، لە کاتێکدا لەگەڵ هاوپەیمانە نزیکەکەشیدا لە ململانێدایە بۆ سەپاندنی تێڕوانینی خۆی.

Back to top button