
هەرێمی کوردستان لەژێر بارانی موشەک و درۆنەکاندا
لە ئێوارەی ئەمڕۆوە، ئاسمانی هەرێم بووەتە گۆڕەپانی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی موشەک و درۆنە خۆکوژەکانی ئێران و چەندین ناوچەی جیاواز کراوەتە ئامانج.
شەپۆلی هێرشەکان، بە چڕیی دەستی پێکرد و ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لەو ناوچآنە دروستکردوە، بەو پێیەی دەنگی تەقینەوەکان هێندە بەهێزبوون زۆرینەی خەڵکی ئەو ناوچانە گوێبیستی بوون.
لە یەکەمین وێستگەی هێرشەکان دا، بارەگای سەرەکیی حزبی دیموکراتی کوردستانی- ئێران لە شاری کۆیە بە دوو درۆن کرایە ئامانج. بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی “کورد مۆنیتەر” هەردوو درۆنەکە لە ئاسمان خراونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی ماددی و گیانی بەدواوە نەبووە.
دوبەدوای هێرشەکانی کۆیە، سەرچاوەیەکی باڵا لە حزبەکانی ڕۆژهەڵات بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند: ئۆردوگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی سورداش لە پارێزگای سلێمانی کەوتووەتە ژێر بۆردومانی موشەک و درۆن و ویستویانە شوێنی مانەوەی ئەندامانی کەمپەکە بکەنە ئامانج، بەڵام خۆشبەختانە ئامانجەکەیان نەپێکاوە.
مەودای هێرشەکان تەنیا لەوێ نەوەستا، بەڵکو ناوچەی زرگوێزیش، کە شوێنی نیشتەجێبوونی کۆمەڵێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەر شەپۆلێکی تری هێرشی درۆنەکان کەوت. بەگوتەی شایەتحاڵەکان دوو تەقینەوەی بەهێز زرگوێز و زرگوێزەلەی هەژاندوە.
“کورد مۆنیتەر” لە رێگەی سەرچاوەکانییەوە زانیوێتی، هێرشەکە لە رێگەی دوو موشەکەوە ئەنجامدراوە و یەکێک لە موشەکاکان بەر پرسگەی یەکێک لە حزبەکان کەوتووە وموشەکەکەی دیکەش بەر خاڵێکی سەربازیی کەوتووە و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەک بریندارە.
ئەنجامدانی هێرشەکان لە یەک کاتدا ئاماژەیە بۆ پلانێکی ورد لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت جوڵەی حزبەکانی رۆژهەڵات کەمبکاتەوە و پەیامێکی توندی سیاسیی و سەربازییش ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
هاوکات، سەرچاوەیەکی باڵا بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند: لە ئیستادا بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لە حاڵەتی ئامادەباشییدان و حکومەتی هەرێمیش لەسەر ئاستی باڵا چاودێریی دۆخەکە دەکەن.





