
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەگەرەکانی هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئێران، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان بەردەوام باسیان لەوە دەکرد، وڵاتانی کەنداو بەدیاریکراویش سعودییە دەیەوێت ئەمریکا دان بەخۆیدا بگرێت و هیرش نەکاتەسەر تاران، بەڵام لەپشت پەردەوە شتێکی دیکە ڕوویداوە، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییە بە راستی لەپشت بڕیاری سەرۆکی ئەمریکاوە بووە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست-ی ئەمریکی، ئەم بڕیارە دوای چەند هەفتەیەک لە هەوڵی دوو هاوپەیمانی سەرەکی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت کە بریتین؛ لە ئیسرائیل و سعودیە. سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ بەردەوام بووە لە هەوڵەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، لە کاتێکدا محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لەڕێگەی میدیاکانیەوە وای نیشانداوە دژی هێرشەکەیە، بەڵام چەندین تەلەفۆنی تایبەتی لەگەڵ ترەمپ کردوە و داوای هێرشی سەربازیی دژی ئێران لێکردووە.
لە پشت پەردەوە، هاوپەیمانێتیە رانەگەیەنراوەکەی محەمەد بن سلمان و ناتانیاهۆ، داوایان لە ترەمپ کرد هێرشێکی گەورە لە دژی ئێران ئەنجام بدات، بەدیاریکراویش چەند رۆێک پێش بڕیارەکەی ترەمپ بۆ ئەنجامدانی هێرش. سعودیە بە ئاشکرا جەختی لەسەر دیالۆگ و هێورکردنەوەی گرژییەکان کردووەتەوە، بەڵام پەیامە تایبەتەکانی بۆ واشنتن زۆر جیاوازن. لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، شازادەی جێنشینی سعودیە هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر ئەمەریکا ئەو سەرمایە سەربازییە گەورەیەی کە هەیەتی بەکار نەهێنێت، ئێران مەترسیدارتر دەردەکەوێت.
ئیسرائیل پێشتر داکۆکی لە هەڵوێستی توند لە دژی ئێران کردبوو بە بیانووی نیگەرانی ئەمنی. ئەم پەرەسەندنانە وەک لە ڕاپۆرتەکەی واشنتن پۆستدا باسکراوە، تیشک دەخەنە سەر دیپلۆماسیەتی فرە چەشن و لۆبی لە پشت پەردەوە، کە بارودۆخی هێرشەکەی ئەمەریکا پێکهێناوە و ڕەنگدانەوەی ئەو حسابە جیۆپۆلەتیکییە مەترسیدارانەیە کە لە ناوچەکەدا هەیە.
ڕۆژی یەکشەممە ئاهەنگ گێڕان بەشێک لە ئێرانی گرتەوە پاش ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕایانگەیاند ،کە عەلی خامنەیی ڕابەری باڵا کوژراوە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دانیشتووانی ئێران ئەم هەواڵەیان هەستێکی گەورەی جۆش و خرۆش ئەزموونکرد.
یەکێک لە بەکارهێنەران لە ئێکس نووسیویەتی: “من دەگریم، پێدەکەنم، هاوار دەکەم، هەموو هەستێکی جیهان لە ماوەی سێ چرکەدا ئەزموون دەکەم”.
چاوەڕوان دەکرێت دەسەڵاتدارانی ئێران 88 ئەندامی ئاینی ئەنجوومەنی شارەزایان کۆبکەنەوە، کە هەندێکیان لەوانەیە ئێستا لە دەرەوەی تاران بن، بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی خامنەیی، هەرچەندە لە کاتی جەنگدا ئەم کارە قورس دەبێت.





