درۆنەکانی ئێران بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەگرێت

کۆمپانیای شاماران بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، بە شێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەکانی “ئەترووش” و “سەرسەنگ” لە هەرێمی کوردستان ڕاگرت.

کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی ژێرخان و گیانی کارمەندەکانیان پەنایان بۆ پەکخستنی کاتیی کێڵگە نەوتییەکان بردووە، ئەمەش گورزێکی ئابووریی دیکەیە بۆ کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان دوای ڕاگرتنی گازی کۆرمۆر.

کۆمپانیای شاماران ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: بەرهەمهێنانی نەوتمان لە کێڵگەکانی ئەترووش و سەرسەنگ ڕاگرت، ئەم هەنگاوە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزییە لە بەرامبەر تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە. هەرچەند تاوەکو ئێستا هیچ زیانێک بەر کێڵگەکان و کارمەندەکانمان نەکەوتووە و بە وردی چاودێریی گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە دەکەین.

کێڵگەی ئەترووش و سەرسەنگ دوو لە گرنگترین کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانن و بەشێکی زۆری نەوتی هەناردە دابین دەکەن، ڕاگرتنی بەرهەمهێنان تێیاندا هاوکاتە لەگەڵ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، کە هەموویان لە چوارچێوەی پلانی فریاگوزاری و خۆپارێزیدان لە کاتی پێکدادانە مووشەکییەکاندا.

هەر ئەمڕۆ کۆمپانیای گەڵف کێستۆن کە لە کێڵگەی شێخان کاردەکات رایگەیاند، لەبەر رەوشی ئەمنی وەک هەنگاوێک بۆ خۆپارستن، بەرهەمهێنانی نەوتی وەستاندووە.

گەڵف کیستۆن لە کێلگەی شێخان رۆژانە 44 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا.

رۆژی شەممە کۆمپانیای داناگاز بەهەمان شێواز بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لەکێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی راگرت.

داناگاز رۆژانە 750 ملیۆن پێی سێجا گازی سرووشتی لە کێلگەی کۆرمۆر بەرهەمدهێنێت و زۆربەی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

Back to top button