
سێ ڕۆژە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بووەتە گۆڕەپانی موشەک و درۆنەکان و چرکەیەک بێدەنگی بەخۆیەوە نەبینیووە؛ دۆخەکەش نەک بەتەنیا هاوڵاتیان بەڵکو ترسێکی گەورەشی لای بەرپرسانی هەرێم دروست کردووە کە هەرێمەکە بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار هەنگاو دەنێت.”
سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە حکومەتی هەرێم تایبەت بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند: لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و فراوانبوونی جەنگەکە، 91 جار هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و موشەکیی بووەتەوە، کە بەشێکیان هەر لە ئاسمان تێکشێکندراون و بەشێکی دیکەشیان ئامانجەکەیان پێکاوە.
سەرچاوە ئەمنییەکە دەڵێت: ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی زۆرینەی موشەک و درۆنەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاڕاستەکراون و شوێنی هەڵدانیشیان بەشێک لە شارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بە دیاریکراوی شاری کرماشان و مەهاباد.
سەبارەت بە چەقی هێرشەکان، کورد مۆنیتەر زانیوێتی، نیوە زیاتری درۆن وموشەکەکان ئاڕاستەی قونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەریر کراوە و لەلایەن سیستمە نوێکەی بەرگریی ئاسمانی ئەمریکا لە هەولێر خراونەتە خوارەوە.
زۆربونی هێرشەکان و بەردەوامیان نیگەرانی زۆری دروستکردوە، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی هەرێم لەسەر ئاستی باڵا چەند جارێک لە ڕێگەی کەناڵ فەرمـی و نافەڕمییەکانەوە ویستویانە لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران قسە بکەن، بەڵام تاوەکو ساتی ئامادەکردنی ئەم راپۆتە هیچ دامەزراوەیەکی ئێران وەڵامی هەرێمی نەداوەتەوە..
بەشێکی دیکە لە هێرشەکانی سەر هەرێم ئاڕاستەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کراوە و بەجۆرێک تەنها شەوی رابردوو نۆ جار بە “درۆنی خۆکوژیی” هێرشکراوەتەوە سەر بارەگای حزبی دیموکرات لە کۆیە و ئۆردوگای حزبەکانی کۆمەڵە لە سورداش، بارەگای دوو حزبی دیکە لە زرگوێزی پارێزگای سلێمانی.
بەردەوامیی ئەم جۆرە هێرشانە و گەیشتنیان بەم ژمارە بەرزە، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ هەرێم، بەو پێیەی نزیکە لەوەی لە هەرێمێکی ئارامەوە ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش ئەو گۆڕەپانەیە کە هیچ کات بەرپرسانی هەرێم نەیانویستوە یاری تێدا بکەن.
سەرچاوەی هێرشەکانی دوو رۆژی رابردوو تەنها کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبووە، بەڵکو بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست هێزە ئەمنییەکان کەوتووە بەشێک لە هێرشەکان لە ناو خاکی عێراقەوە و لەلایەن گروپەکانی “بەرەی موقاوەمە”وە ئەنجامدراوە و زیاد لە جارێک لە رێگەی درۆن و کاتیۆشاوە چەند ناوچەیەکی هەرێم-یان کردووتە ئامانج.
زۆربونی مەترسییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان هەندێک لە وڵاتانی جیهان و ناوچەکەی ناچار کردوە داوا لە هاوڵاتیانیان بکەن هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن، کە تازەترینیان وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بوو، لە رێگەی راگەیاندراوێکەوە داوای لە هاونیشتیمانییەکانی کرد بە هیچ جۆرێک سەردانی هەرێمی کوردستان نەکەن و ئەوانەشی لەوێن هەرچی زووە بەجێبهێڵن.
کورد مۆنیتەر زانیوێتی بەشێک لە بەرپرسانی باڵای هەرێم بەترسەوە لە پێشهاتەکان دەڕوانن، بەو پێیەی هێرشەکان ڕەهەندێکی مەترسیدارتریان وەرگرتووە، بەجۆرێک لە دوو کاتی جیاوازدا بنکە و بارەگای هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج، ئەمەش وەک دەستدرێژییەکی ڕوون بۆ سەر دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم هەژمار دەکرێت.
گەیشتنی ژمارەی هێرشەکان بۆ ئەم ئاستە و بێدەنگی حکومەتی هەرێم تەنیا ئاماژەیەک نییە بۆ تێکدانی ئارامیی هەرێم، بەڵکو زەنگێکی مەترسیدارە و پێمان دەڵێت: ڕەنگە ڕۆژانی زۆر سەختتر و تاقیکردنەوەی قورستر چاوەڕوانی “هەرێمە ئارامەکە” بکات.





