
پێگەی ئەکسیۆس-ی ئەمریکی بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە 1ی ئادارى 2026، دوو پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد لە عێراق ئەنجامداوە، سەبارەت بە پرسى جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و لێکەوتەکانى قسەی لەگەڵ کردوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگەى ئەکسیۆس، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، لەدوای ڕاگەیاندنی هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران بووە و لەگەڵ هەر یەک لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانى کوردستان قسەی کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەکسیۆس: گرنگی ئەو پەیوەندییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەرێمی کوردستان خاوەنى هەزاران چەکدارە لەسەر سنوورەکانى لەگەڵ ئێران و خاوەنى ناوچەیەکى گرنگ و ستراتیژییە و پەیوەندییەکى پتەوی هەیە لەنێوان کوردانی عێراق و ئێران.
ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانەوە ئاشکرایکردووە، ئەو پەیوەندییە زۆر هەستیار بووە و ڕەتیکردووەتەوە وردەکاریی زیاتر لەوبارەوە بخاتەڕوو.
ئەکسیۆس ئاماژەى بەوەشکردوە، کاتێک پرسیار لە کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی کرا لەبارەى ئەو پەیوەندیبە تایبەتەوە، ڕەتیکردەوە وردەکارییەکان باس بکات و تەنها ڕایگەیاند، ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ “زۆرێک لە هاوپەیمان و هاوبەشەکانی لە ناوچەکە” لە پەیوەندیدا بووە.





