
لوتکەی دەسەڵاتی ئێران کە عەلی خامنەیی بوو کوژرا، بەدوایدا وەزیری بەرگریی، فەرماندەی سوپای پاسداران و 40 بەرپرسی دیکەی باڵا کوژران، لەنێویاندا کەسانێک هەن بە سەرەڕمی ڕژێمی ئێران دادەنران، بەڵام دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتە نزیکیان و سەرجەمیان کوژران. ناوێک هەیە تا ئێستا چارەنووسی نادیارە، گومانەکانیش لەسەری تا دێت زیاتر دەبێت، ئەویش ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس-ی سوپای پاسدارانە.
بەر لەوەی باس لە ئیسماعیل قائانی بکەین، گرنگە ئاماژە بە ڕۆڵی فەیلەقی قودس بدەین، فەیلەقەکە دەست و بازو و هێزی ئێرانە لە دەرەوەی خاکی وڵاتەکەی، هەر بۆیە ڕاستەوخۆ ئەو هێزە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە ململانێدایە، واتا بەر لەوەی ئەو دوو وڵاتە بیر لە لێدانی بەرپرسانی ئێران بکەنەوە، بیر لەوە دەکەنەوە سەرە گەورەکەی مەترسییەکەی ئێران لە دەرەوە کە قائانیە لەناو ببەن، بەڵام ئەوە ڕووینەدا.
لەکوژرانی حەسەن نەسروڵڵاوە بۆ کوژرانی خامنەیی
کاتێک حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیروت کوژرا، بە ماوەیەکی کەم پێش هێرشەکە ئیسماعیل قائانی لەگەڵیدا کۆبوەوەوە، بەڵام زۆری نەخایاند و شوێنی کۆبوونەوەکەی جێهێشت، لەدوای ئەوەش ئیسرائیل قورسترین بۆردومانی بەیروتی کرد و دواتر کوشتنی حەسەن نەسروڵڵای راگەیاند.
ڕۆژی شەممە کۆبوونەوەی خامنەیی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی هەبووە، گێڕانەوەکان دەڵێن قائانی لەو کۆبوونەوەیەدا بووە، بەڵام بەماوەیەکی کەم لە بۆردوومانی ئەمریکا و ئیسرائیل شوێنەکەی جێهێشتووە. گێڕانەوەکان هەرچییەک بن هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕن کە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی خامنەیی، کۆبونەوەیەکی چارەنوسساز و یەکلاکەرەوە بووە، بۆیە بێ شک قائانی تیایدا ئامادەبووە، بەڵام هۆکاری ئەوەی زوو شوێنەکەی چۆڵکردووە، ڕەنگە ئاسان دەستنیشان نەکرێت.
لەشەڕی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیل، جارێکی دیکە گوومان لە چارەنووسی قائانی کرا، بەوپێیەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دیار نەما. بەڵام ئەمە وایکرد بکەوێتە نێو بازنەی سەرنجی بەرپرسانی ئاڕاستە تووندەکەی ئێران و بپرسن: خێرە قائانی تا ئێستا لە ژیاندا ماوە؟
قائانی تەمەنی 67 ساڵە و لەشاری مەشهەد لە دایک بوو، لەکاتی جەنگی یەکەمی کەنداو دا لە ڕیزەکانی سوپای پاسداران کاریکردووە.
دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە، قائانی لە پۆستی فەرماندەی فەیلەقی قودس دانراوە، کە ئەرکەکەی ئیدارەدانی گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێرانە لە تەواوی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو کەسانەی لێوەی نزیکن دەڵێن، هەرگیز قائانی هەمان ڕێزی قاسم سولەیمانی لێنەگیراوە، هەروەها نەیتوانیوە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ دۆستەکانی ئێران لە ناوچەکە هەبێت. بەڵام لە ساڵی 1997وە بوەتە جێگری قاسم سولەیمانی لە فەرماندەیی فەیلەقی قودس.
کاتێک قائانی بووە فەرماندەی فەیلەقی قودس، بەڵێنی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، بەڵام سەرئەنجام هێزەکانی ئێران لە زۆر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکران.
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، هەژمارێکی ئیسرائیلی لە پۆستێکدا دوای هێرشەکانی ڕۆژی شەممەی ئیسرائیل نوسیبووی:”سڵاو لەو هاوڕێیەمان لە ئێران کە تا ئێستا سەلامەتە”.. شارەزایان ئەمە وەك جۆرێک لە جەنگی دەروونی دژ بە ئێران ناویدەبەن، هەندێک کەسی دیکەش وەک گومانێک بۆ قائانی باسیدەکەن و دەڵێن، ناکرێت لەو دۆخەدا هەر ئەو سەلامەت بێت.





