
کاتێک باس لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەریایی ئێران و ئەمریکا دەکرێت ڕاستەوخۆ خەیاڵمان بۆ جەنگێکی نابەرانبەر دەڕوات، بەڵام ناوەندە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بۆچونیکی جیاوازیان هەیە و پێیان وایە ئێران بە پشتبەستن بە تاکتیکیکی ترسناک دەتوانیت کێشەی گەورە بۆ کەشتیە جەنگییەکانی ئەمریکا دروست بکات.
هەریەکە لە ناوەندەکانی “CSIS” و”RAND” ئەمریکیی دەڵێن: ئێران باش دەزانێت کە ناتوانیت ڕاستەوخۆ و بەتەنیا لەرێگەی موشەکەوە دوو کەشتییە زەبەلاحەکەی ئەمریکا بکاتە ئامانج، هەر بۆیە لە رێگەی ستراتیژێکی وردەوە دەیەوێت کیشەی گەورە بۆ کەشتییەکان دروستبکات و بگرە نوقمیشیان بکات.
ستراتیژەکەی ئێران کە خۆی ناوی ناوە “ستراتیژیی مێگەل” پشت بەبەکارهێنانی سەدان بەلەمی خێرای پڕکراو لە تەقەمەنی و موشەکی کورت مەودا دەبەستێت، لە هەمان کات ناردنی سەدان بەلەمی بچوک کە وەک نەخۆشییەکی کوشندە بە دەوری کەشتییە گەورەکاندا بڵاودەبنەوە.
کاتێک ڕاداری کەشتییەکی ئەمریکا لە یەک چرکەدا ڕووبەڕووی پەلاماری سەدان بەلەمی بچووک دەبێتەوە، سیستمی بەرگریی کەشتییەکە تووشی جۆرێک لە “شۆکی زانیاری” دەبێت، ئەمەش کات و دەرفەتی زێڕین بۆ چەند بەلەمێک یان درۆنێکی خۆکوژ دەڕەخسێنێت کە خۆیان بگەیەننە جەستەی کەشتییەکە و لێدانێکی کوشندە بوەشێنن کە توانای نوقمکردنی هەبێت.
ئاژانسەکان پشت ئەستور بە راپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بەوە کردوە، ئێران جگە لە جبەخانە ترسناکەکەی لە موشەکی بالیستی خاوەنی موشەکێکی دەریای ترسناکە کە تائێستا بەکاری نەهێناوە و دەتوانێت کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بە ئاسانی بکات ئامانج.
موشەکەکەی ئێڕان لەلایەن خودی خامنەییەوە ناونراوە و بە موشەکی بالیستی دەریایی “خەلیجی فارس” ناسراوە کە تایبەتە بە پێکانی ئامانجە گەورەکان لە دەریادا و زۆر بە وردیی پەرەی پێدراوە.
راپۆرتە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن موشەکی “خەلیجی فارس” کاتێک لەگەڵ درۆنەکان و جەنگی ئەلیکترۆنی یەکدەخرێن، دەبنە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر هەر کەشتییەک کە بیەوێت لە کەناراوەکانی ئێران نزیک بێتەوە.
یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کە وادەکات ئێران بتوانێت کەشتییەکانی ئەمریکا نوقم بکات، قووڵاییە کەمەکانی گەرووی هورمزە، بە وپێیە دەبنە پەناگەیەکی ئارام بۆ ژێردەریاییە بچووکەکانی ئێران لە چەشنی “غەدیر”.
ئەم ژێر دەریاییانە بەهۆی بچووکیی قەبارەیانەوە لەبەردەم سۆنارەکاندا وەک تەنی بێدەنگ دەردەکەون و دەتوانن بە چاندنی مینی دەریایی یان هاویشتنی تۆربید، بە ئاسانی کەشتییە جەنگییەکان بکەنە ئامانج.
لە کۆتایدا ناوەندەکانی ئەمریکا پنتاگۆنیان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ئێران نەک هەر دەتوانیت برینی قوڵ لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بەجێبهێڵێت بەڵکو لە ڕووی تەکنیکی و جەنگییەوە توانای ئەوەی هەیە هەریەکە لە کەشتییە جەنگییەکانی جێڕاڵد فۆرد و ئەبراهم لینکن نوقم بکات.





