
بۆ چەندین سەدە، چەمکی جەنگ بریتی بوو لە ناردنی هەزاران و ملیۆنان سەرباز بۆ بەرەکانی پێشەوە، جەنەڕاڵ و سەرکردەکانیش لە ژوورە پارێزراوەکانیاندا نەخشەیان دەکێشا. بەڵام دیمەنی جەنگ لە سەدەی 21ـدا گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ و بنەڕەتی بەخۆیەوە بینیوە؛ ئێستا “کەسی یەکەم” لەبری “سەربازی گومناو” کەوتووەتە ناو بازنەی ئامانجەکان.
گۆڕینی پارادایمی جەنگ: لە “بڕینی جەستە”وە بۆ “بڕینی سەر”
لە زانستی سەربازی نوێدا، ستراتیژێک هەیە بە ناوی “بڕینی سەر” (Decapitation Strike). ئەم ستراتیژە لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکات کە لەبری تێپەڕین بەناو هێڵە بەرگرییەکانی سوپایەک و کوشتنی هەزاران سەرباز، ڕاستەوخۆ دەست بخرێتە سەر چەق و ناوەندی بڕیاردان.
ئەمڕۆ دەبینین زلهێزەکان و وڵاتانی خاوەن تەکنەلۆژیا، تێچووی جەنگی سەربازییان گۆڕیوە بۆ تێچووی هەواڵگری. ئامانجی سەرەکی چیتر کۆنترۆڵکردنی خاک نییە بە تەنیا، بەڵکو بێدەنگکردنی ئەو مێشکەیە کە جەنگەکە بەڕێوەدەبات.
لە کوژرانی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانەوە بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی فەنزوێلا و دوایینیان، کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، گەورەترین بەڵگەن بۆ ئەم وەرچەرخانە.
لە ڕابردوودا، بۆ لاوازکردنی گروپێک یان دەوڵەتێک، دەبوو سوپاکەی تێکبشکێنرێت. بەڵام لە شەڕەکانی ئەمدواییەدا، ئیسرائیل و ئەمریکا ستراتیژێکیان پەیڕەو کرد کە تێیدا “هەرەمی دەسەڵات” لە سەرەوە بۆ خوارەوە هەڵدەوەشێننەوە. کاتێک خامنەیی دەکرێتە ئامانج، کاریگەرییەکەی لەسەر مەیدانی جەنگ زۆر زیاترە لە لەناوبردنی هەزاران موشەک یان سەربازی ئەو وڵاتە؛ چونکە لێرەدا “سیمبول” و “ناوەندی بڕیار” نامێنێت.
بۆچی ئەم گۆڕانکارییە ڕوویدا؟
چەند هۆکارێکی سەرەکی لە پشت ئەم گۆڕانکارییەوەن:
تەکنەلۆجیا و درۆن: فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی چاودێری دەقیق وایکردووە کەسی یەکەمی وڵات یان ڕێکخراوێک هیچ شوێنێکی ئارامی شک نەبات.
تێچووی مرۆیی و سیاسی: کوژرانی سەربازێکی زۆر لە جەنگەکاندا، فشارێکی زۆری ناوخۆیی لەسەر حکومەتەکان دروست دەکات. بۆیە کوشتنی یەک سەرکردە “پاکتر” و “هەرزانتر” لەسەر وڵاتان دەکەوێت وەک لە جەنگێکی وێرانکەری چەند ساڵە.
جەنگی دەروونی: کاتێک سەرباز دەبینێت سەرکردەکەی “کە بە قەڵایەکی نەبەزێنراو دەردەکەوت” کوژراوە، ورەی جەنگانی نامێنێت. ئەمە جەنگەکە خێراتر کۆتایی پێدەهێنێت.
ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی و کوشتنی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە جەنگی نوێ چیتر “پیرۆزیی” بۆ هیچ پلە و پۆستێک نەهێشتووەتەوه، ئەگەر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا سەربازان دەبوونە قوربانی بۆ ئەوەی پاشا بژی، ئێستا لە سەردەمی “جەنگی زیرەک”دا، پاشاکان و سەرکردەکان یەکەم کەسن کە لە ژووری خەوەکانیاندا هەست بە مەترسی دەکەن.
جیهان لە سەردەمی جەنگی نێوان گەلانەوە بەرەو سەردەمی “جەنگی نێوان سەرکردەکان” هەنگاو دەنێت، جەنگی داهاتوو جەنگی تانک و تۆپ نییە، بەڵکو جەنگی زانیارییە بۆ دۆزینەوەی شوێنی ئەو کەسەی کە فەرمانی جەنگ دەردەکات.





