جەنگی ئێران کوردی دابەشکردووە؛ باکوور دژی هێرشەکانە و باشوور بڕیار لەبژاردەکانی بەردەستی دەدات

 

تا دێت بازنەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران فراوانتر دەبێت، کورد بەشێکی گرنگی هاوکێشەکەیە و ئێستا دیمەنەکە بەوشێوەیەیە: ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی ڕژێم وەستاوەتەوە، باکوور دژی ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕۆژئاوا بێدەنگە و باشووری کوردستانیش هەڵسەنگاندن دەکات.

لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران و کوشتنی زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەو وڵاتە، هەروەها وێرانکردنی دەیان دامەزراوەی فەرمیی گرنگ، ئێستا سەرنجەکان لەسەر ئەوە نین ئێران دەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن یاخود نا، هەموان دەپرسن کەی ئێران دەکەوێت؟ کێ دەسەڵات دەگرێتە دەست؟

کورد لە هاوکێشەی ئێران دا لایەنێکی گرنگە، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کورد لەو وڵاتە کە لەنێوان هەشت بۆ 12 ملیۆن کەسدایە، ڕوبەڕێکی بەرفراوانی خاکی وڵاتەکەش کورد تیایدا نیشتەجێیە، هەربۆیە چاوی زلهێزەکان هاتووەتەسەر کورد ئاخۆ لەم کاتەدا لەپاڵ کێدا دەبێت؛ ئێران یان ئەمریکا و ئیسرائیل؟

ئەمجارەش کورد دابەشی چەند بەرەیەک بووە، کوردانی باکووری کوردستان کە پارتی دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) نوێنەرایەتی ئەوان لە پەرلەمان دەکات، ڕۆژی سێشەممە لە وتارێکدا بۆ پەرلەمانی تورکیا، تولای هاتیمۆغولاری هاوسەرۆکی دەم پارتی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران بە “جەنگی ئیمپریالیزم بە ئامانجی دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمی جیهانی” وەسف کرد و ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕژێمە پاوانخوازەکان لە ناوچەکەدا وەک بریکارێک بۆ زلهێزە ئیمپریالیستەکان مامەڵە دەکەن.

تولای هاتیمۆغولاری ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەکاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر مێزی دانوستان بوون لەگەڵ ئێران، بەڵام هەر ئەو کاتە هێرشیان کردە سەر ئێران؛ بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە ئەم شەڕە هەموو ناوچەکە بگرێتەوە”.

تولای هاتیمۆغولاری باسی لەوەکرد، شەڕەکە لە ئێستاوە لە عێراق و لوبنان و وڵاتانی کەنداو بڵاوبووەتەوە، لەو هێرشانەدا قوتابخانەیەکی سەرەتایی کچان لە ئێران کەوتە بەر هێرش و زیاتر لە 150 کچی قوتابخانە کوژراون.

قسەکانی تولای هاتیمۆغولاری نیشانی دەدات گەورەترین پارتی کوردیی لە تورکیا دژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆسەر ئێران.

ڕۆژئاوای کوردستان هێشتا بێدەنگە، چونکە تازە لە جەنگێکی خوێناویی لەگەڵ دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع تەواو بوون، دیار نیە ئەگەر ئاگری شەڕ بگاتە سوریا چی ڕوودەدات و مەترسییەکانی بەردەم هێرشکردنەوە سەر ڕۆژئاوای کوردستان چی دەبن، بەڵام ئەوەی لەم کاتەدا هەیە ئەوەیە، ڕۆژئاوای کوردستان بێدەنگە.

هەرچی پەیوەستە بە باشووری کوردستانەوە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کودستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. بافڵ تاڵەبانی لەکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حزبەکەیدا باسی لە تەلەفۆنەکەی ترەمپ کردووە و وتویەتی: “سەرۆک ترامپ دەرفەتێکی پێشکەش کرد بۆ تێگەیشتن لە ئامانجەکانی ئەمریکا و گفتوگۆکردن لەسەر پشتگیری هاوبەش بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێزی لە نێوان ئەمریکا و عێراق” وا دەردەکەوێت باشووری کوردستان بژاردەکانی بەردەستی تاوتوێ بکات و دواتر بڕیار بدات کام بەرەیە هەڵدەبژێرێت.

هەرچی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە سەرجەم حزبەکان هاوپەیمانێتیەکیان ڕاگەیاندووە و جەخت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی ئێران دەکەنەوە، بەڵام بە کردار هێشتا هەنگاویان بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداریی نەناوە.

ئێستا دیمەنەکە بەوشێوەیەیە: ڕۆژهەڵات دژی ڕژێم وەستاوەتەوە، باکوور دژی ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕۆژئاوا بێدەنگە و باشووری کوردستانیش هەڵسەنگاندن دەکات.

Back to top button