هاکان فیدان، دوژمنی ئەبەدیی کورد

دوای هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی حکومەتی نوێی سوریا بۆ جوڵە دیبلۆماسیەکانی و داڕشتنەوەی سنورەکانی سوریا بە دیاریکراویش ئەو شوێنانەی کوردی لێیە بە ئارەزووی تورکیا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمجارە دەیەوێت ڕێگریی لە هەر جوڵانەوەیەکی کوردیی لە ئێران بکات، ئەگەرهاتوو دۆخەکە لەدەست ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرچوو.

تا ئێستا ڕژێمی ئێران دەسەڵاتی بەسەر وڵاتەکەیدا هەیە، لەناوەوە هەم بریندار هەم ماندووش کراوە، بەڵام دروستبوونی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی جەماوەریی لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە دژی ڕژێم، هێشتا لەسەر کات وەستاوە. هەر بۆیە هاکان فیدان شەڕی کات دەکات و هەوڵ دەدات بەر لە دروستبوونی ناڕەزایەتی گەورەی جەماوەریی، لەگەڵ وڵاتانی زلهێز کارێک بکات کوردانی ڕۆژهەڵات، هەمان ئەزموونی کوردانی باشوور و ڕۆژئاوا دووبارە نەکەنەوە، هەوڵێک کە پێناچێت ئەنجامێکی ئەوتۆی هەبێت.

هاکان فیدان لە ڕۆژانی ڕابردوودا زنجیرەیەک پەیوەندیی و کۆبوونەوەی دیپلۆماسی ئەنجامدا، ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە کۆبووەوە و لەگەڵ چەند هاوتایەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە قسەی کرد. بەڵام گرنگترینیان کۆبوونەوەکەی بووە لەگەڵ تۆم باراک، کۆبونەوەیەکی داخراو بووە و تا ئێستا دیار نییە باس لە چی کراوە.

وڵاتانی ناوچەکە و جیهان سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری جەنگی ئێرانن، بەڵام هاکان فیدان، سەرقاڵی ئەوەیە چۆن ڕێگریی بکات لەوەی کورد هەوڵی بەدەستهێنانی پێگەی خۆی لەم قۆناغەدا نەدات. ئەو بە ڕوونی گوتی: بە وردی چاودێریی ئەوە دەکەین کە بزووتنەوەیەکی دروست دەبێت یان نا، دەبینین کە گروپە کوردییەکان بە ئایدۆلۆژیای جیاوازەوە کۆدەبنەوە و هاوپەیمانی پێکدەهێنن. ئێمە بەدواداچوون دەکەین ئایا ئەوان شەڕ لەگەڵ ڕژێم دەکەن، یان شەڕ لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە دەکەن؟ ئامانجیان چییە و بەنیازی چین؟

لە 36 کاتژمێری رابردوودا ئیسرائیل بە چڕیی سنوری ئێران و عێراق و بە دیاریکراویش ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بۆردومانکردووە، ئەوەش بە ئامانجی هەوڵدان بۆ دەستپێکردنی هێرشی زەمینیی و دروستکردنی ناوچەیەکی دژە فڕین و دەرەوەی سەربازیی. ئەوەش دۆخێکە نەک بە دڵی تورکیا نیە، بەڵکو تا ئاستی چونە نێو جەنگەکە لەگەڵیدا دەڕوات.

هاکان فیدان لە قسەکانیدا باسی لەوەشکرد “پەکەکە وەک هەموو ڕێکخراوەکان سوود لە لاوازی و دووبەرەکی ئەو وڵاتانە وەردەگرێت کە تێیدا هەڵکەوتووە و بوونی تیایاندا هەیە”.

 

Back to top button