
تا دێت کاردانەوەکان لەسەر پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی کورد زیاتر دەبێت، لە تازەترین پێشهاتیشدا بەرپرسانی ئێران داوای ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفونییەکەیان لەبەرپرسانی عێراق کردوە.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری دوو سەرچاوەی عێراقییەوە دەڵێت: کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی نیگەرانیی خۆی گەیاندووەتە حکومەتی عێراق سەبارەت بەو جووڵە دیپلۆماسییانەی کە لە نێوان واشنتۆن و هەرێمی کوردستاندا لە ئارادان.
ڕۆژنامەکە دەڵێت: هەریەکە لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و عەلی باقری، جێگری ئەمینداری لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی ئێران، داوای زانیاریی ورد و هەستیاریان لە بەرپرسانی بەغدا کردووە سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئەنجامیداوە.
پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ترەمپ بەپرسانی تارانی شۆک کردووە و ئەم نزیکبونەوەی هێزە کوردییەکان و ئیدارەی ترەمپ-یان وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تاران وەسف کردوە، بەو پێیەی دەترسن ئیدارەی نوێی ئەمریکا جارێکی دیکە خاکی هەرێمی کوردستان وەک سەنگەرێک یاخود “کەلێنێکی ئەمنی” بۆ فشار خستنە سەر سنوورەکانی ئێران بەکاربهێنێت.
نیگەرانییەکانی تاران تەنها لە چوارچێوەی قسەدا نەماونەتەوە، بەڵکو باقری لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە ڕاشکاویی داوای کردووە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ترەمپ و بەرپرسانی سلێمانی و هەولێریان پێ بوترێت.
تاران هۆشداریی توندی داوەتەوە بەرپرسانی بەغدا و جەختیان لەوە کردووەتەوە، هەر جۆرە بەزاندنێکی سنورەکانی ئێران یان پێشکەشکردنی هاوکاریی لۆجستی بۆ “نەیارەکانی ئێران”، وەک پێشێلکردنی ڕێککەوتننامە ئەمنییەکەی ساڵی ڕابردووی نێوان “تاران و بەغدا و هەولێر” هەژماردەکرێت..
هاوکات بەرپرسانی تاران ڕایانگەیاندوە لە چەند رۆژی ڕابردوو هەر شوێنێک بنکەی ئەمریکای لێ بوبێت بۆردومانکراوە و ئەمەش وەک پەیامێکی ڕاستەوخۆ بۆ بەرپرسانی عێراق دەبینرێت بەوەی هەر کەس و لایەنێک هاوکاریی واشنتۆن بکات هێرشی دەکەنەسەر.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت دەڵێت: بەغدا لەزاری قاسم ئەعرەجییەوە دڵنیایی داوەتەوە تاران و بەڵێنی داوە کە ڕێگری بکات لە هەر جۆرە دزەکردنێک یان کردەوەیەکی تێکدەرانە کە لە ناو خاکی عێراقەوە بۆ سەر سنورەکانی ئێران ئەنجام بدرێت.





