
جموجوڵی کاتژمێرەکانی ڕابردووی مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئاماژەیە بۆ دۆخێکی ناجێگیر، پارتی دیموکراتی کوردستان هێزێکی گەورەی بە چەکی قورسەوە لەو ناوچەیە جێگیرکردووە، کورد مۆنیتەر لەگەڵ دوو بەرپرسی باڵا قسەیکرد و وردەکاریی جموجوڵەکانیان ئاشکراکرد.
ئەو دوو بەرپرسە ئەمنیە باڵایەی قسەیان بۆ کورد مۆنیتەر کرد ئاماژەیان بەوەدا، ماوەی دوو ڕۆژە هێزێکی گەورەی زێرەڤانی، کۆماندۆی پارتی، فەرماندەیی پشتیوانی یەك بە سەرپەرشتی نەجات عەلی، فەرماندەی فەرماندەیی دەڤەری یەک گەیشتوونەتە ناوچەکە، لەگەڵ گەیشتنیان ساتریان لێداوە و ناوچەکە چوەتە حاڵەتێکی توندی ئەمنییەوە.
وەك ئەو دوو سەرچاوەیە گوتیان: جوڵاندنی ئەو هێزە لەسەر داوای قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران نیگەرانییەکانی گەیاندووەتە عێراق، کە هەست بە جموجوڵ لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەو دوو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر قسەی لەگەڵ کردن گوتیان: نزیکەی 40 تانک و زرێپۆش بۆ حاجی ئۆمەران جوڵەی پێکراوە و داوا لە خەڵک کراوە ناوچەکانی نزیک هێڵی تەماس لەگەڵ ئێران چۆڵ بکەن، هێزەکە لە مزگەوت و خانووە چۆڵەکاندا دەمێننەوە.
کورد مۆنیتەر زانیاریی ئەوەی دەستکەوتووە: ئێستا مەرزی حاجی ئۆمەران لە دیوی ئێرانەوە داخراوە و سوپا و پاسداران دەستیان بە ساتر لێدان و کۆنکرێتکردنی سنورەکانی خۆیان کردووە.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی بۆ کورد مۆنیتەر ئاشکرایکرد، هەست بەوە دەکرێت دوو ئامانج لەو جوڵەیەی پارتی هەیە، یەکەمیان لابردنی باری سەرنجی ئێران لەسەر ئەو حزبە، بۆ ئەوەی وا دەرنەکەوێت لەم کاتەدا دژی دەوڵەتی ئێرانە، ئامانجی دووەمیش بۆ ئەوەیە ئەگەر دۆخەکە لەکۆنترۆڵی ئێران دەرچوو، ئەوا هێزەکانی پارتی بەر لە هەر هێزێکی دیکە بگەنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.





