دواجار بەریتانیا بەرگەی گوشارەکانی ترەمپی نەگرت

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران ڕاگەیاند، لە قۆناغی یەکەمیشدا ئەمریکا كەڵك لە بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا وەردەگرێت بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی بۆسەر ئێران.

كییەر ستارمەر، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامدا و باسی لە دۆخی ناوچەکە و جیهان کرد، ستارمەر گوتی: “سەرباز و کەرەستەی زیاترمان ڕەوانەی قەتەر و قوبرس کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان. چوار فڕۆکەی جەنگی تایفون دەنێرین بۆ قەتەر بۆ بەهێزکردنی ئۆپەراسیۆنەکانمان لە ناوچەکە”.

ستارمەر وردەکاریی زیاتری جوڵەکانی بەریتانیای لە ناوچەکە ئاشکراکرد و گوتی: وەزیری بەرگری ئێستا لە قوبرسدایە بۆ هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنەکان و هاندانی هێزەکانمان لە دەریای ناوەڕاست.

چوار هەزار هاوڵاتی بەریتانی بە گەشتە بازرگانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ بەریتانیا، وەك سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە باسیکرد، مامەڵە لەگەڵ حاڵەتێكی گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانمان دەكەین كە گەورەترە لەوەی لە ئەفغانستان روویدا.

ستارمەر ڕەخنەی لە ئێران گرت و گوتی: ئەو وڵاتە بۆ دروستکردنی قەیرانی ئابوری جیهانی، کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و دامەزراوەکانی وزە دەکاتە ئامانج.

لەکۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ ئەمریکا کاردەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا بەکاربهێنن. پێدەچێت قسەکانی ستارمەر لەدوای ڕەخنە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بێت کە گوتی: بەریتانیا هەڵەیەکی گەورە دەکات کە هاوکاریی ئەمریکا ناکات لە جەنگی ئێران دا.

Back to top button