
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ ئەگەری هێرشی زەمینی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی.
رۆژی پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی دا پرسیاری لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە کە چی دەڵێت، ئەگەر هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێرشی زەمینی بکەن، ترەمپ لە وەڵامدا گوتوویەتی: “پێموایە شتێکی ناوازە دەبێت، ئەگەر بیانەوێ بیکەن.”
شەوی چوارشەممە چەند میدیایەکی ئەمریکی و ئیسرائیلی هەواڵی ناڕاستیان بڵاوکردەوە کە گوایە “هەزاران کورد” دەستیان بەهێرشی زەمینی بۆ نێو رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە. بەڵام هەر زوو هەواڵەکە ڕەتکرایەوە.
لەو گفتوگۆیەدا پرسیار لە ترەمپ کراوە کە ئایا ئەگەر هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێرشی زەمینی بکەن، ئەمریکا لە ئاسمانەوە دەیانپارێزێ؟ سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتوویەتی: “من ناتوانم ئەوەتان پێبڵێم،” بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانج لە بەشداربوونی کورد “بردنەوە دەبێت.”
ترەمپ پێداگریی دەکات لەوەی وڵاتەکەی ڕۆڵی کاریگەری خۆی لە دۆخی ئێراندا بگێڕێت و گوتی: دەبێت رۆڵمان لە دیاریکردنی سەرکردەی داهاتووی ئێراندا هەبێت
ترەمپ بە رۆیتەرزی راگەیاند، دەبێت ئەمریکا لە دیاریکردنی سەرکردەی داهاتووی ئێراندا رۆڵی هەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی کە رۆژی شەممە بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامییان کوشت.
ترەمپ باسی لەوە کرد، پڕۆسەی دیاریکردنی سەرکردەی داهاتوو هێشتا لە قۆناخێکی زۆر سەرەتاییدایە، بەڵام موجتەبای کوڕی خامنەیی، بژاردەیەکی رەتکراوەیە.
ترەمپ رایگەیاند: “دەمانەوێ لە پڕۆسەی دیاریکردنی ئەو کەسەدا بەشدار بین کە لە داهاتوودا سەرکردایەتیی ئێران دەکات.”
دەشڵێت: “نامانەوێ هەر پێنج ساڵ جارێک بگەڕێینەوە ئەوێ. [ئەوەی کە دەبێتە سەرکردە] پێویستە کەسێک بێت کە بۆ خەڵک باش بێت، بۆ وڵاتەکە باش بێت.”





