
لە کاتێکدا شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەچێتە ڕۆژی حەوتەمی خۆیەوە، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی قسەیکردووە و ئاگاداریکردوونەتەوە، کە پێشبینی دەکرێت ململانێکان بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە بەردەوام بێت.
ڕۆژی هەینی پێگەی “ئەکسیۆس” بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، ڕۆبیۆ لە میانی زنجیرەیەک پەیوەندی تەلەفۆنیدا ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی دا قسەیکردووە و گوتویەتی: جەنگەکە تا چەند هەفتەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت، ئامانجی ئەمریکاش لەناوبردنی ژێرخانی سیستمی مووشەکیی تارانە.
هەروەها ڕۆبیۆ بە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی ڕاگەیاندووە، ئامانجی ئەمریکا گۆڕینی ڕژێم نییە، بەڵکو واشنتۆن دەیەوێت کەسانی جیاواز وڵاتەکە بەڕێوەببەن، سەرچاوەکانی ئەکسیۆس ئەوەیان گوتووە.
بەوتەی مارکۆ ربیۆ، لە ئێستادا هیچ دیالۆگێکی ئەمریکا لەگەڵ رژێمی ئێراندا بوونی نییە و جەختی لەوە کردەوە کە هەر دانوستانێک لەم قۆناغەدا ئامانجە سەربازییە بەردەوامەکان تێکدەدات.
هەروەها ڕۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنوێترین هەڵوێستیدا دەربارەی جەنگی ئێران گوتی: هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا ناكرێت، جگە لە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج.
ترەمپ لە سەكۆی “تروس سۆشیال” نوسویەتی: دوای هەڵبژاردنی سەرکردەیەكی مەزن و قبوڵکراو، ماندونەناسانە کاردەکەین لەگەڵ زۆرێک لە هاوپەیمان و هاوبەشە گەورە و بوێرەکانمان بۆ ڕزگارکردنی ئێران لە لێواری داڕمان و گەورەتر و باشتر و بەهێزتر دەكرێت لە هەموو كاتەكانی رابردوو لە ڕووی ئابورییەوە.
دەشڵێت: ئێران ئایندەیەکی گەورەی دەبێت، ئێمە جارێکی تر ئێران مەزندەکەینەوە. سوپاس بۆ بایەخدانتان بەم پرسە!





