مستەفا هیجری وای لە ترەمپ کرد پەیوەندی بە بارزانی و تاڵەبانییەوە بکات

بەر لەوەی تەلەفۆن بۆ هەریەکە لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران قسەیکردووە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بۆ کورد مۆنیتەر ئەوەی ئاشکراکرد، هۆکاری پەیوەندیکردنی ترەمپ بە بارزانی و تاڵەبانیەوە ئەو تەلەفۆنەی هیجری بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کورد مۆنیتەر-ی گوت: لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، مستەفا هیجری باسی لەو بەربەستانەی بەردەمیان کردووە، کە رێگرە لە رۆشتنی هێزەکانیان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆیە ترەمپ پێی دەڵێت بۆ ئەو بابەتە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسە دەکات.

سەرچاوە ئاگادارەکە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ترەمپ و مستەفا هیجری بۆ کورد مۆنیتەر باس کرد و گوتی: ترەمپ بە مستەفا هیجری وتووە سود لەو دەرفەتە وەربگرن و هێز رەوانەی ئێران بکەن، لەگەڵ ئەوەشداترەمپ سکرتێری حیزبی دیموکراتی لە رووخانی دەسەڵاتی ئێستای ئێران دڵنیاکردووەتەوە.

لە وەڵامی داواکەی ترەمپدا، مستەفا هیجری باسی لەو بەربەستانە کردووە کە رێگرن لە رۆشتنی هێزەکانیان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت باسی لە دوای رێککەتنی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، کە حزبەکانی رۆژهەڵاتیان لە سنورەکان دورخستووەتەوە و سنورەکانیان توندوتۆڵکردووە.

سەرچاوەکەی کوردمۆنیتەر روونیکردەوە، کە مستەفا هیجری بە ناڕاستەوخۆ بە ترەمپی گوتووە، کە ئەگەر سنورەکانیان بۆ ئاوەڵا بکرێت ئامادەن هێز بنێرن بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، هەر بۆیە ترەمپ پێیوتووە، بەنیازە لەگەڵ هەریەک لە مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەو مەبەستە قسەبکات.

سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر زانیارییەکی نوێی لەبارەی پێشهاتەکانی بەردەم حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکراکرد و گوتی، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی مستەفا هیجری لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا سەردانی واشنتۆن-ی پایتەختی ئەمریکا بکات.

Back to top button